رووداو دیجیتاڵ
تیمی 'هەژماری من' رایدەگەیێنێت، ئەو مووچەخۆرانەی لە رێگەی پڕۆژەکەوە مووچە وەردەگرن بە گوێرەی خشتەی دابەشکردنی مووچە لە ئەمڕۆوە دەتوانن لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە مووچەکەیان وەربگرن.
بەرپرسێک لە پڕۆژەی 'هەماری من' ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا 132 هەزار مووچەخۆر کارتی بانکییان پێدراوە و لە ئەمڕۆوە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، ئەویش بەگوێرەی خشتەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی بۆ وەرگرتنی مووچە."
بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی مووچە، ئەمڕۆ دەستەکانی وەبەرهێنان، دەستپاکی، ژینگە، مافی مرۆڤ و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەزگای مین، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێریی دارایی دەتوانن مووچەی مانگی ئاب وەربگرن.
بەگوێرەی پڕۆژەی 'هەژماری من' بۆ رووداو، لە ئەمڕۆوە هەر مووچەخۆرێک کە ناوی لە سیستمەکە دا هەبێت، دوای ناردنی کورتەنامەیەک بۆی، دەتوانێت سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە ناسراو بە (ATM) بکەن. کە تاوەکو ئەمڕۆ 219 ئامێر لە 71 شوێنی جیادا دانراون.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی 'هەژماری من'، ئەو 132 هەزار کەسەی مووچەی مانگانە وەردەگرن، 105 هەزاریان فەرمانبەری شارستانی و 27 هەزاریان پێشمەرگەن.
تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 600 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تۆمارکراون و بڕیارە کارتی بانکییان بۆ دروستبکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە رێگەی بانکییەوە مووچە وەربگرن.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو سێشەممە 08ـی ئەم مانگە، تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاب وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ