ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی باشماخ لە 30% زیادی کردووە

06-08-2017
ئەلەند مەحوی
نیشانەکردن باشماخ
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە ماوەی ساڵی 2017 بەڕێژەی لە 30% زیادی کردووە.

شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، داهاتی مانگی حەوت بەراورد بە مانگی شەشی ئەمساڵ، لە دەروازەی باشماخ پێنج ملیار دینار زیادی کردووە، بەو پێیەیش داهاتی مانگی رابردوو بەڕێژەی لە 10% بەرزبووەتەوە.

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند مانگی رابردووشدا داهاتی دەروازەکە بەڕێژەی لە 20% بەرزبوونەوەی تۆمارکردبوو، ئێستا رێژەکە گەیشتووەتە لە 30%.

لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی باشماخ، شاخەوان بەکر دەڵێت، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بازرگانان لە گومرگی کاڵاکانیاندا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کەمتر لەسەریان دەکەوێت، بەراورد بە دەروازەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

شاخەوان بەکر هۆکارێکی دیکەش بۆ "لابردنی کۆمپانیاکانی SOC دەگەڕێنێتەوە، کە لە دەروازەکان پشکنینیان بۆ کاڵاکان دەکرد و پارەیان لە بازرگانان وەردەگرت و خەڵکیان دوادەخست".

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ ئەوەش دەخاتەڕوو "هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بۆ زیادبوونی خواستی خەڵک بۆ کاڵا خۆراکییەکان دەگەڕێتەوە، بەو هۆیەشەوە بازرگانان زیاتر کاڵای خۆراکی هاوردە دەکەن، هەرچەندە کاڵا سەرەکییە خۆراکییەکان گومرگی لەسەر نییە، تەنیا کرێی پشکنینیان لەسەرە".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە