راوێژکارێکی سوودانى بۆ رووداو: بانکی ناوەندی چارەسەری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەکات

06-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارى ئابووریى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، بانکى ناوەندى چارەسەرى ئەو دابەزینى بەهاى دینارە دەکات کە بەم دواییە لە بازاڕدا روویداوە. ئاماژە بەوەش دەکات، یەدەگى دراوی عێراق پاڵپشتى بەهاى دینارە، کە ئێستا گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئابوورى ئەمڕۆ شەممە 6-7-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بانکى ناوەندى چارەسەرى ئەو دابەزینى بەهاى دینارە دەکات کە چەند رۆژێکە لەنێو عێراق هەیە."
 
ئەو راوێژکارەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بەهاى دینار لەسەر بنەماى یەدەگى نێودەوڵەتیی دراوە کە ئێستا بەرزترین ئاستى لە مێژووى خۆی لە عێراقدا هەیە. ئەو یەدەگى دراوەی عێراق هەیەتی پاڵپشتى بەهاى دینارە کە ئێستا گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار."
 
دوو هەفتەیە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و 100 دۆلارى ئەمریکى گەیشتووەتەوە نزیکەى 150 هەزار دینار.
 
راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئابوورى گوتىشی، "ئێستا عێراق دەتوانێت 100%ى پێویستى دراوى بیانى دابین بکات بۆ ئەو دراوەى پێویستە بۆ دەرەوە."
 
بانکى ناوەندیى عێراق دۆلارێک بە 1305 دینار بۆ حەواڵەى دەرەوە و 1310 دینار بە نەختینەیی دەفرۆشێت، بەڵام بەهاکەى لەبازاڕدا زیاتر لە 1480 دینارە.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح  رایگەیاند، دوای ئەوەى لە ساڵى رابردوودا زۆرینەى مامەڵە نێوخۆییەکان و گرێبەستەکان کران بە دۆلار، بازاڕى دراو کاریگەرییەکى ئەوتۆى لەسەر دۆخى گشتى نەما و تەنیا 10%ى تێکڕاى مامەڵەى خواست و خستەڕووى دۆلار پێکدێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە