رووداو - هەولێر
لە رۆژی دووشەممە (5-6-2017)ـەوە شەش وڵاتی عەرەبی و دوورگەکانی مالدیڤیا رێگا ئاوی، ئاسمانی و وشکانییەکانیان لەگەڵ وڵاتی قەتەر داخستوون، بەو هۆیەوە گرفتی گواستنەوە بۆ هێڵی ئاسمانی قەتەر لە چەند وڵاتێک دروستبووە، بەڵام گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان و قەتەر هیچ گرفتێکیان بۆ دروستنەبووە.
رۆژانە یەک گەشتی هاتن و گەڕانەوە لەنێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و وڵاتی قەتەر ئەنجامدەدرێت، هاوکات لە هەفتەیەکدا 12 گەشتی هاتن و گەڕانەوە، لەنێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و قەتەر ئەنجامدەدرێن.
شێخ سەرکۆ بەرزنجی، بریکاری سەرەکی هێڵی ئاسمانی قەتەری لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەگەر عێراق بڕیاربدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر رابگرێت، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر و کوردستانیش رادەگیرێن، هەروەها ئەگەر کوێت و عومانیش پەیوەندییەکان رابگرن، کێشە بۆ گەشتەکانی کوردستان و قەتەر دروست دەبن، چونکە گەشتەکان بە ئاسمانی ئەو دوو وڵاتەدا دەکرێن".
جگە لەو گەشتانەی بۆ گواستنەوەی گەشتیاران لەنێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر ئەنجامدەدرێن، هەفتانە دوو فڕۆکەی کارگۆ لەو وڵاتەوە بار دەهێننە هەولێر، زۆر جاریش هەفتانە یەک فڕۆکەی تایبەت بۆ هەولێر و یەک فڕۆکەی تایبەت لە قەتەرەوە دێتە سلێمانی.
بریکاری سەرەکی هێڵی ئاسمانی قەتەری لە سلێمانی لەمبارەیەوە دەڵێت "کارگۆی کوردستان و قەتەر بەهێزە، بەڵام زیاتر ترانزێتە، سوپەرمارکێت هەیە لە هەرسێ شارەکەی کوردستان، هەموو کاڵاکانی لە قەتەرەوە دەهێنێتە کوردستان".
کۆی گشتی ئەو کاڵایانەی مانگانە لەڕێگەی فڕۆکەوە لە وڵاتی قەتەرەوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان بە 900 تۆن کاڵا دەخەمڵێنرێت، لەو بڕەش رێژەی 88%ـی دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و، 12%ـی دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
جگە لە هەرێمی کوردستان، هەفتانە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا 14 گەشت، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف 21 گەشت و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە حەوت گەشت بۆ وڵاتی قەتەر ئەنجامدەدرێن.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ