رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دەکرێت 85%ى حەواڵە دەرەکییەکان بێ تێپەڕبوون بە وردبینی بانکى فیدراڵیى ئەمریکا بکرێن. کۆبوونەوەکە لەبارەى ناسەقامگیریى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار بوو. ئەندامێکى لیژنەکەش دەڵێت، "پارێزگارى بانکەکە پێى گوتین هاوئاهەنگیمان لەگەڵ دەروازە سنوورییەکان نییە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ى تەممووز، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەل عەلى عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق بۆ تاوتوێکردنى پرسی بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار کۆبووەوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق ئاماژەى بەوەدا کە لە وڵاتان دوو بازاڕى فەرمى و هاوتەریب هەن، بەڵام لە عێراق تەنیا یەک رێگە بۆ دەستکەوتنى دۆلار هەیە کە بانکى فیدراڵییە و دەبێت پابەندبوون بە مەرجەکانییەوە بۆ فرۆشتنى دۆلار هەبێت".
بانکى ناوەندیی عێراق زۆربەی رۆژەکان زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە نرخى فەرمیی 131 هەزار دەفرۆشێت، بەڵام بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕە نێوخۆییەکاندا زیاتر لە 149 هەزار دینارە. بەقاچاخبردنى دۆلار و مامەڵە کردن بە دۆلارەوە لە بازاڕى رەش هۆکارن بۆ ئەو ناسەقامگیریبەى بەهاى دینار.
جەمال کۆچەر گوتى، "پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق پێى گوتین هاوئاهەنگى لەنێوان بانکى ناوەندى، حکومەت و دەروازە سنوریییەکان لەبارەى کاڵا هاوردەکراوەکان و پسووڵەى هاوردەکردنیان و بڕە پارەکەى کە بە دۆلارە نییە. بۆ ئەوەش پێشنیازێکى داوەتە حکومەت".
بەشێک لەو دۆلارەى بانکى ناوەندیی عێراق رۆژانە دەیفرۆشێت بۆ حەواڵەى ئەو کاڵایانەیە کە هاوردە دەکرێن کە ئەوەش پێویستى بە وردبینیى بانکەکە هەیە لەو دۆلارەی لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنی بانکى ناوەندییەوە دەکرێت.
بەگوێرەى راگەیێندراوى پەرلەمانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا عەلى عەللاق رایگەیاندووە، دەکرێت 85%ى حەواڵەى دەرەکى لەنێوان بانکە عێراقییەکان و بانکە نێردەرەکاندا بێ تێپەڕبوون بە وردبینی بانکى فیدراڵیى ئەمریکا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ