رووداو هەولێر
بەرهەمی نێوخۆیی پێگەییوە و چەندین جۆر سەوزە و میوە خراونەتە بازاڕەوە؛ بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، حکومەتی عێراق بەربەستەکانی لابردووە و رۆژانە نزیکەی 150 بارهەڵگر لە بەرهەمی نێوخۆی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
رۆژی یەکشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵیی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا بەرهەمی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان زۆر بووە؛ بە گوتەی ئەو، تەماتە، کوولەکە، خەیار، پیاز، باینجان، بیبەر، کەلەرم، شووتی، کاڵەک، قۆخ و قەیسی نێوخۆ پێگەییون و بەشێکیان بەرهەمیان زیاترە لە پێداویستیی نێوخۆ.
بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵیی لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، پێش هەفتەیەک جووتیارانی هەرێمی کوردستان نیگەران بوون لەوەی بەرهەمەکانیان وەکو پێویست بۆ ساخ نابێتەوە، بەڵام دوای گفتوگۆی هەولێر و بەغدا بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنی بەرهەمەکان، ئێستا جووتیاران دڵخۆشن و بەرهەمەکەیان بە ئاسانی بۆ ساخ دەکرێتەوە.
هۆشیار جەلیل گوتی، بۆ ئەوەی جووتیاران سوود لە بەرهەمەکەیان وەربگرن، ئەو سەوزە و میوانەی لەنێوخۆدا پێدەگەن هاوردەکردنیان "باجێکی زۆر"ـی خراوەتەسەر بۆیە زۆربەی ئەو سەوزە و میوانە کەس هاوردەیان ناکات.
هۆشیار جەلیل دەڵێت، پێشتر بازگەکانی حکومەتی عێراق رێگەیان نەدەدا بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکرێت، بەڵام ئێستا رێگە دەدرێت.
گوتیشی: "بازگەکانی عێراق بۆ رێگەدان بە بەرهەمی هەرێمی کوردستان، تەنیا پشتگیرییان دەوێت کە دڵنیابنەوە بەرهەمی نێوخۆیە؛ من رۆژانە پشتگیریی بۆ نزیکەی 150 بارهەڵگری جۆراوجۆر دەکەم، کە بەرهەمەکانیان دەگەیێننە پارێزگاکانی دیکەی عێراق؛ بارهەڵگری 10 تۆنی، چوار تۆنی و 5 تۆنییان تێدایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ