رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری وزە رایگەیاند، یەدەگی گازی عێراق و هەرێمی کوردستان 127 ترلیۆن پێ سێجایە، کە بەشی 100 ساڵی دیکە دەکات. دەشڵێت "باشترین" جۆری گاز لە ناوچەی چەمچەماڵە.
د. عیززەت سابیر، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵی کردووە، باس لە پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ پەرەپێدانی گاز و کارەبا دەکات.
عیززەت سابیر دەڵێ، ئێستا کۆی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق 45%ـی لە رێگەی گازەوەیە، لەکاتێکدا پێشتر 20% بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، گفتوگۆی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی گاز بەردەوامە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لە کۆڕبەندی هەولێر باسی ئەوەتکرد، عێراق 120 تریلیۆن پێ سێجا گازی یەدەگی هەیە، یەکێکە لەو 15 وڵاتەی کە دەوڵەمەندە بە گاز، ئەوە تەنیا عێراقە یان هەرێمی کوردستانیش؟
د. عیززەت سابیر: راستییەکەی هەرێمی کوردستانیش هەژمار کراوە. 127 ترلیۆن پێ سێجایە بەپێی بەرهەمی رۆژانەی ئێستای، زیاتر لە 100 ساڵی دیکە عێراق دەتوانێت سوودمەند بێت لەو گازەی کە هەیەتی. بێگومان بەم بڕە بەرهەمەی رۆژانەی ئێستا، خۆ دەبێت بەرهەمەکەی ئێمە زۆر زیاتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین وێستگەکانی کارەبا باشتر بکەین، زۆرتریشی بکەین، ژمارەی وێستگەی کارەبا زیاد بکەین.
رووداو: چ جۆرە گازێک لە عێراقدا بەرهەم دێت؟
د. عیززەت سابیر: دوو جۆر گاز لە عێراق بەرهەم دێت: گازی وشک، گازی شل. گازی وشک پێیدەگوترێت (Natural Gas)، و (Dry Gas). دەچێتە وێستگەکانی کارەباوە، دەچێتە کارگەکانەوە، کارگەکانی چیمەنتۆ، دەچێتە کارگەی پترۆکیمیاویاتەوە. گازی شلیش کە پێیدەوترێت ئێڵ پی جی (LPG) بۆ پێداویستیی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان لە چێشتخانە بەکاری دێنن، دەکرێتە ئۆتۆمبێلەوە، کارگەی خشت و کێڵگەی پەلەوەری دەتوانن بەکاری بێنن. ئەم دوو جۆرە گازە هەیە لە عێراقدا و لە بەشێکی زۆری جیهانیشدا هەر بەشە سەرەکییەکانی گاز ئەمانەن.
رووداو: گرنگیی گاز بەراورد بە نەوت چییە؟
د. عیززەت سابیر: لەو چەند ساڵەی رابردوودا گرنگیی گاز دەرکەوتووە. گاز بەراورد بە نەوت زۆر پاکژە، ژینگە پیس ناکات. کواڵیتی و توانای کارکردنی زۆر زۆر باشترە. ئێستا وێستگەیەکی کارەبا ئەگەر بە نەوتی ڕەش یان بە نەوتی خاو ئیش بکات، دەبێت ساڵی چەند جارێک بیوەستێنی بۆ چاکسازی (سیانە)، بەڵام ئەگەر بە گاز بێت، تەمەنی ئەو وێستگەی کارەبایە دوو ئەوەندەیە. ئیستا گاز خواستی جیهانی لەسەرە و نرخی بەرز بووەتەوە لە بازاڕی جیهاندا. بەداخەوە لە 20 ساڵی رابردووەوە، یان بە درێژایی ماوەکانی رابردوو، بۆ وڵاتێکی وەک عێراق گاز بەرهەمێکی لاوەکی بووە. چۆن لاوەکی بووە؟ عێراق هەر هەوڵی داوە نەوتی خاو دەربهێنێت و بینێرێتە دەرەوە. لەگەڵ ئەم نەوتەدا گاز دێتە دەرەوە، پێیدەگوترێت گازی هاوەڵ. ئەم گازە ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا نەکەیت، دەبێت بیسووتێنی بۆ ئەوەی نەوت بێتە دەرەوە. بە گوشاری گازەکە نەوتەکە دێتە دەرەوە. لە ساڵانی 2009 و 2010دا زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق درا بە کۆمپانیا گەورەکانی وەکو ئێکسۆن مۆبێل، BP بەریتانی، پترۆ چاینا. بەداخەوە ئەم کێڵگە گەورانە درا بە ئەوان بۆ ئەوەی پەرەپێدانی تێدا بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەم زیاتر بکەن، باسی گاز نەکراوە و پێیاننەگوتراوە وەبەرهێنانی تێدا بکەن، بۆیە بە ئێستاشەوە گازێکی زۆر لە عێراق دەسووتێت کە بەهاکەی ملیاران دۆلارە. لە 10 ساڵی رابردوودا گرنگی گاز زیادیکردووە، عێراق دەزانێت وێستگەکانی کارەبای بە گاز کار بکات زۆر باشتر لە نەوتی رەش و نەوتی خاو کار بکات.
رووداو: ئایا ئێستا چەند لە وێستگەکانی کارەبا بە گاز و چەندیان بە نەوت کار دەکەن؟
د. عیززەت سابیر: 10 ساڵ پێش ئێستا، 20%ـی کارەبای عێراق بە گاز بەرهەم دەهات، ئێستا 45%ـی کارەبای عێراق بە گاز بەرهەم دێت. هەروەها ئێستا مۆڵەت نادرێتە هیچ وێستگەیەکی کارەبا لەم قۆناخەدا ئەگەر گاز بەکارنەهێنێت. سوودێکی دیکەی گاز ئەوەیە، 200 ملیۆن پێ سێجا پێویستە بۆ ئەوەی هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بێت. کە هەزار مێگاوات کارەبات بەرهەم هێنا، لەو گەرمییەی لە بەرهەمهێنانی کارەباکەدا دەستت دەکەوێت دەتوانی 500 مێگاواتی دیکە کارەبا بەرهەم بهێنی، واتا هەر لەم پرۆسەیەی خۆیدا دەتوانێت جارێکی دیکەش کارەبا زیاد بکەیتەوە. بۆیە ئەو وێستگانەی کارەبا کە بە گاز کار دەکەن، توانا و چالاکییان باشترە، کارەبایەکی زیاتر بەرهەم دێنن. رۆژ لە دوای رۆژ بەکارهێنانی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا روو لە زیادبوونە. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو، لە تەمەنی ئەم حکومەتەی محەمەد شیاع سوودانیدا 14%ـی ئەو گازەی کە دەسووتا جاران، وەبەرهێنانمان تێدا کردووە، چونکە عێراق خۆی پابەند کردووە کە لە 2030دا ئەو گازە هیچی نەسوتێت. بۆ؟ چونکە دەڵێن ئێوە گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن، بەڵام خۆتان گازەکەتان دەسووتێنن، پرسیارەکەش زۆر بەجێیە، پارەیەکە و خەرجی دەکەیت کە دەیهێنیت لە دەرەوە، ئەوەی خۆشت دەیسووتێنییەوە پارەیە و لێت دەڕوات. بەڵام بە ئەمانەتەوە، وەزارەتی نەوت هەردووکی دەکات، هەوڵدەدات هەرچی گازی خۆی هەیە وەبەرهێنانی تێدا بکات، ئەگەر پێداویستییەکانی پڕ نەکردەوە، ئەو کاتە هاوردەی دەکات.
رووداو: چاوەڕێ دەکرێت کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئەو مۆڵەتەی بە عێراقی داوە بۆ هێنانی گاز لە ئێرانەوە، رایبگرێت. عێراق خۆی بۆ ئامادە کردووە و ئەگەر شتێکی وا دەبێت جێگرەوەی ئێران کوێیە؟ دەتوانن سوود لە هەرێمی کوردستان وەربگرن؟
د. عیززەت سابیر: گفتوگۆ کرا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی پێشوودا بۆ ئەوەی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە گاز بدرێت بە وێستگەکانی کارەبا لە کەرکووک. گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامی کۆتایی. لەسەر ئەو بنەمایەی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کۆرمۆردا کراوە، ئەوەیە کە بەرهەمی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستاندا بەکاربهێنێت. بۆیە هەتا هەرێمی کوردستان پێویستی بەو گازە بێت، ئەو کۆمپانیایە دەبێت بیدات بە هەرێمی کوردستان. ئەگەر هەرێمی کوردستان پێویستی پێی نەبوو، پێداویستییەکانی پڕ کردەوە، مافی کۆمپانیاکە هەیە بە کەسی دیکەی بفرۆشێت. گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام هێشتا ئەنجامی کۆتاییەکەی دەرنەکەوتووە. خۆمان ئامادە کردووە، ئەگەر گازی ئێرانیی ببڕێت، لە شوێنێکی دیکەوە {هاوردە بکەین}، لە قەتەرەوە، لە جەزائیرەوە، لە ئەمریکاوە، لە وڵاتانی دیکە، خۆمان ئامادەکردووە. نزیکترین شوێن بۆ عێراق، قەتەرە. چەندین کۆمپانیای جیهانیش گرێبەستی درێژخایەنیان لەگەڵ قەتەردا کردووە. چەند کۆمپانیایەکیش ئامادەییان دەربڕیوە گازمان بدەنێ ئەگەر پێویستمان پێی بوو. ئێستا خەریکین ئامادەسازیی دەکەین. لە (بەندەری خور زوبێر) خەریکە ئامادەسازیی دەکەین بۆ ئەوەی کە ئەگەر پێویستی کرد، لە قەتەرەوە گاز هاوردە بکەین.
رووداو: تێچووەکەی زیاتر دەبێت لە ئێران؟
د. عیززەت سابیر: بە دڵنیاییەوە تێچووەکەی زیاتر دەبێت لە ئێران. لەبەر یەک هۆکاری بچووک، ئەم تەکنەلۆژیایە پێیدەگوترێت ئێڵ ئێن جی (LNG)، ئێڵ ئێن جی یانی (Liquefied Natural Gas)، یانی گاز سروشتیی شلکراو. سێ جۆری هەیە؛ گازی، شلی و رەقی. ئەم مادەیە لە گازییەوە دەیکەی بە شلی بۆ ئەوەی قەبارەکەی 600 جار بچووکتر بکەیتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە شلەمەنی لە کەشتی تێچووی گواستنەوەی کەم ببێتەوە. ئێستا خۆ لەوانەیە خەڵک بپرسێت چۆنە گاز لە قەتەرەوە دەچێت بۆ یابان، دەچێت بۆ چین، ئەم تەکنۆلۆژیایە پێیدەگوترێت ئێڵ ئێن جی. ئەم ئێڵ ئێن جییە شل دەکرێتەوە. بەڵام لە وڵاتێکی وەکو ئێران، یەکجار بۆرییە و دروست کراوە، ئەم بۆرییە یەکجار پارەی لێدەدەی، 24 کاژێر 12 مانگی ساڵ ئەو گازە بەناو ئەو بۆرییەدا دێت، پێویست ناکات خەرجی لە گواستنەوەی گازەکە بکەیت. بەڵام هەموو کاتێک بە کەشتی بیگوازیتەوە، تێچووی گواستنەوە بەردەوام دەبێت، ئەم پرۆسەی گاز و شلییەش پارەی دەوێت، ئامێری دەوێت، خەڵکی دەوێ بەردەوام بێت لەسەری. لەبەر ئەوە، بە دڵنیایی، ئێڵ ئێن جی گرانترە لە گازی وشک.
رووداو: لە عێراق نەتوانراوە کارەبای 24 کاژێری بدرێتە خەڵک، کێشەکە لە وەزارەتی کارەبایە کە وێستگەی پێویستی نییە، یان وەزارەتی نەوتە کە ناتوانێت سووتەمەنیی پێویست لە نەوت و لە گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکات؟
د. عیززەت سابیر: بەڕاستی کێشەکە هەمەلایەنەیە. هەم بەکاربەر و هەم وەبەرهێن، هەم کڕیار و هەم فرۆشیار، هەم خەڵک و هەم حکومەتیش، دەبێت رێکبخرێتەوە. هەر کەسێک هەستیکرد ئەو شتەی کە بەکاری دەهێنێت بە پارە دەیدرێتێ، بە باشی بەکاری دێنێت. هەر کەسێک هەستت کرد شتێک نزیکە لە خۆڕایی و کەس لێت ناپێچێتەوە، کەس پارەی لێ وەرناگرێت، گوێ بەوە نادات چۆن بەکاری دەهێنێت. عێراق پێویستی بەوەیە خواست و بەکارهێنانەکەی رێکبخرێتەوە، نەوەکو بەرهەمی کارەبا زیاد بکات. لە سلێمانی و هەولێر ئەزموونێکی جوان کراوە، پێیدەگوترێت سمارت کارد (Smart Card) بۆ نموونە لە کۆمەڵگایەکەی نیشتەجێبوون، خەڵک سەرەتا دەبێ بچیت پارە بدات و پاشان کارەبای پێدەدرێت و پارە نەدەی کارەبات نابێت. وای لێکردووی سیستمەکە تۆ هەرگیز زیادەڕۆیی نەکەیت لە بەکارهێنانی کارەبا. ئێستا چەند گەڕەکێک لە هەولێر، یان گەڕەکێکی دەرەوەی سیتییەکان، وای لێکراوە کارەبای 24 کاژێر هەیە. موەلیدەی پێویست نییە، تێکڕای ئەو پارەیەی کە خێزانێک خەرجی دەکات لە مانگێکدا، زۆر زۆر کەمترە وەک لەوەی کە پارەیەک ببەیت بۆ خاوەن موەلیدەیەک.
رووداو: عێراق ناتوانێت ئەو ئەزموونە بباتە شارەکان؟
د. عیززەت سابیر: هەندێک ناوچە لە بەغدا ئەزموونی کردووە زۆر زۆر سەرکەوتوو بووە وەکو هەولێر و سلێمانی. خۆم لە جێگەیەک دەژیم وای لێکراوە، دراوە بە کەرتی تایبەت کۆکردنەوەی پارەکە، کۆمپانیاکە بەشێکی بچووکی دەبا بۆ خۆی و ئەویتر بۆ حکومەت، هەموو مانگێک هەفتەی یەکەم دێتە بەر دەرگا و دەڵێت پارە نەهێنیت کارەباکەت دەبڕم بەبێ ئاگادارکردنەوەش. بۆیە چارەسەری کێشەی کارەبا لە عێراق بەوە دەکرێت رێکبخرێتەوە و لە کۆکردنەوەی پارەکەوە دەستپێبکات، هەموو خێزانێک هەستی کرد مانگانە بە پارەیە، خۆی رێکدەخاتەوە و بە باشی بەکاری دەهێنێت و خواست کەم دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبا زیاتر دەبن. کەرتی وزە لە عێراقدا بەشێکی وەزارەتی نەوت، بەشێکی وەزارەتی کارەبا و بەشێکیشی پیشەسازی بەڕێوەی دەبەن و دەبێت ئەمە دەبێت رێکبخرێتەوە. ئێستا لە دیالە وێستگەیەکی کارەبامان هەیە توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار مێگاوات کارەبایە، لە تەنیشتیدا کێڵگەیەکی گاز لە هەیە، وێستگەکە سێ ساڵە تەواو بووە و کێڵگەکە هێشتا وەبەرهێنانی تێدا نەکراوە و بە دوو ساڵی دیکەش ناکرێت، کەواتە بە پێنج ساڵ وێستگەیەکی کارەبا هەشتبێت ناتوانی کاری پێ بکەیت. کێڵگە نییە لە عێراق گرێبەستمان نەکردبێ بۆ وەبەرهێنانی گاز، بەڵام پڕۆسەکە کات و تێچووی زۆری دەوێت.
رووداو: لەم دواییانە هەندێک گرێبەستتان کرد، بەشێکی دەکەوێتە ناوچەی کێشە لەسەرەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ناڕەزایەتیی دەربڕی، بۆ ئەو گرێبەستانەی هیچ راوێژێک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کرا؟
د. عیززەت سابیر: ئەو کێڵگانە بە دوو قۆناخ رۆشتووە. لە قۆناخێکدا، پێیدەگوترێت (جەولەی تەراخیسی پێنجەم)، چەند کێڵگەیەک وەکو گەڵابات و خەشم ئەحمەر، کە ئەو ناوچانە نزیکی دیالەیە و ناوچەی کێشە لەسەرە. لەم دواییانەش ئەم کێڵگە نەوتانەی کە دراوە بە کۆمپانیای بی پی، لەو دوو رۆژەی رابردوودا گرێبەستەکەی واژۆ کرا، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکان راستەوخۆ و رێککەوتنی خۆی کردووە، هەرێمی کوردستان بەشدار نەبووە لەو پرۆسەیەدا، لەسەر ئەو کێڵگانە هیچ راوێژێکیش بە هەرێمی کوردستان نەکراوە. پێش یاسای نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستان پەسەند کراوە، ئەو کێڵگانە حکومەتی عێراق هەڵیکەندوون و وەبەرهێنانی تێدا کردوون و ناوچەکەی ئیدارە داوە و تێچووەکەشی لە ئەستۆ گرتووە، لەسەر ئەو بنەمایە بووە. منیش هیوادارم ئەو ناوچانەی کێشەی لەسەرە بە یەکجاری چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزریتەوە.
رووداو: پێگەی هەرێمی کوردستان لە بواری گازدا چەندە؟ چەندی سەلێمندراو و چەند نەسەلمێندراوی هەیە؟
د. عیززەت سابیر: خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان یەدەگێکی گەورەی گازی هەیە. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراوە، کێڵگەیەکمان هەیە پێیگوتراوە کێڵگەی چەمچەماڵ، کۆرمۆر نا. کێڵگەی چەمچەماڵ گەورەترین کێڵگەی گازە لە عێراق، گەورەترین و پاکترینە. دوو جۆر گاز هەیە، گازی هاوەڵ کە لەگەڵ نەوتدا دێتە دەرەوە و گازی ئازاد یان گازی سەربەست کە ئیتر بیرەکە بەس گازە. هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە گازی ئازاد، گازی پاک. گازی ئازاد کە دێتە دەرەوە 97%ـی ئەو گازە بە خاوی کە دێتە دەرەوە، یەکسەر بەرهەمە و هیچی ناوێت، بەڵام ئەو گازەی کە لەگەڵ نەوتدا دێتە دەرەوە، 82%ـی بەرهەمی گازە و 18%ـی کبریت؛ کۆندێنسەیت و هتد..یە. کەواتە کواڵیتی ئەو گازەی لە هەرێمی کوردستاندایە باشترین جۆری کواڵیتییە و ئەو کێڵگانەی کە هەیە، گازی ئازاد و گازی سەربەستە و بڕێکی زۆر زۆر باش گازی هەیە هەرێمی کوردستان. هیوادارم بە باشترین شێوە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق. هەرێمی کوردستان لەم قۆناخەدا بە باشی بینیوە ئەو گازە بکاتە کارەبا و کارەبا بە عێراق بفرۆشێت، ئەو داهاتە زیاترە لەوەی گازەکە بفرۆشێتە عێراق. لە ئێستاوە پێنج بۆ 10 ساڵی دیکە هەرچی گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوەی بگەینە کارەبایەکی 24 کاژێری بۆ خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ