رووداو دیجیتاڵ
سبەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەستپێدەکات و خانەنشینانی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن. بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، خانەنشینانی سەربازیی هاوشێوەی مانگی تەمموز بۆ مانگی ئابیش مووچە بە هاوتاکراوی وەرناگرن.
تەممووزی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار، خانەنشینانی شارستانیی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، بە هاوتاکراوی مووچەیان وەرگرت، بەڵام هاوتاکردنەکە تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازیی نەگرتووەتەوە.
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 03-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "مووچەی مانگی هەشتی خانەنشینانی سەربازی بە گوێرەی یاسا کۆنەکە دەبێت و بە هاوتاکراوی نابێت".
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، رۆژی هەینی دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و خانەشینانی پێشمەرگە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
لەبارەی مووچەی مانگی نۆی خانەنشینانی سەربازی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتی "ئێمە لیستی مووچەی مانگەکانی حەوت، هەشت و نۆمان بە هەردوو شێوازی هاوتاکراوی و هاوتانەکراوی ئامادەکردووە و داومانەتە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام تاوەکو ئێستا نازاندرێت بۆ مووچەی مانگی نۆ هاوتا دەکرێت یان نا."
شێخ عەزیز گوتیشی، بۆ هاوتاکردنی مووچە تەواوی خانەنشینانی سەربازی، چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانین و فەرمانەکە لای ئەوانە.
نێوەڕۆکی کێشەکان چین؟
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی ئەمساڵ جێبەجێ نەکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هاوتانەکردنی مووچەی خانەنشینان بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و عێراق هاوتاکردنەکەی رەتنەکردووەتەوە.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 هەزار تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش (مینحە) وەردەگرێت و دەبێتە 600 هەزار دینار.
هەروەها ئەوانەی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتی بۆ زیاد دەکرێت ئەویش بەگوێرەی هاوتاکراوییەکە.
مووچەی کێ کەم دەکات؟
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەوانەی لە دوای 2014ـەوە خانەنشین بوون، زیاتر ئەوانەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی حەفتا و هەشتان، ئێستا چەند دەرماڵەیەکیان هەیە، لەوانە دەرماڵەی ترسناکی، ژن و منداڵ، بڕوانامە. ئەم دەرماڵانە لە یاسای هاوتاکراویدا نییە. تەنیا دەرماڵەی بڕوانامە هەیە ئەویش جیاوازییان زۆرە.
ئەوانەی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی زیانمەندن و دژی هاوتاکردنن، پلە باڵاکانن لە پلەی لیوا کەمتریان تێدا نییە.
خانەنشینانی سەربازی تاوەکو پلەی نەقیب لە پاڵپشتیی مووچەی هاوتاکراو سوودمەند دەبن. لە پلەی رائید، موقەدەم و عەمید مووچەکەیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینی پلەی نەقیب 999 هەزار دینارە و لە هاوتاکردندا 100 هەزاری پاڵپشتیی دەچێتە سەر، بەڵام پلەی رائید خانەنشینییەکەی نزیکەی ملیۆنێک و 180 هەزار دینارە و تاوەکو عەمید زیاتر دەبێت و لە هاوتاکردن سوودمەند نابن.
بۆچی لیواکان زیان لە هاوتاکردنەکە دەکەن؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا پلەی لیوا بە سەرەوە، کەمترین مووچەی خانەنشینیان زیاترە لە 2 ملیۆن دینار و تێیاندایە دەگاتە شەش ملیۆن دینار، ئەویش بەگوێرەی دەرماڵە و ساڵەکانی خزمەت، بەڵام کاتێک هاوتا بکرێت و دەرماڵەکان نەمێنن، مووچەیان دەبێتە نزیکەی نیوە و کەمتر لە نیوە و ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتووتەوە.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بڕگەی تەمەن لە یاساکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ