رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار و تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزی. ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و لوبنان هۆکارن.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "100 دۆلار بە 153 هەزار و 350 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت."
باواجی ئاماژەی بەوەش کرد، نێوان کڕین و فرۆشتنی هەر 100 دۆلارێک لە بازاڕە فەرمییەکانی ئاڵۆگۆڕی دراودا 50 بۆ 150 دینارە.
هەر ئەمڕۆ رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنی لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار 152 هەزار دینار بوو. حاجی سابیر گوتی، "تاوەکو دۆخی سیاسیی خراپ بێت، بەهای پارەی عێراق و ناوچەکە دادەبەزێت. ئێستاش هۆکار ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە."
بەهای تمەنیش بەردەوامە لە دابەزین. رەوەز میرزا گوتی، ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 6 ملیۆن و 150 هەزار تمەنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ