رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و 100 دۆلار بە 146 هەزار و 250 دینارە.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "100 دۆلار بە 5 هەزاری بە 146 هەزار و 250 دینارە و بە 25 هەزاری بە 146 هەزار و 150 دینارە."
ئەو ئاڵوگۆڕکارەی دراو گوتی، هۆکارێکی روون بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار نییە. دەشڵێت "رەمەزانە و بازاڕ خەڵکی کەم تێدایە؛ دۆلار زۆرە و کەمترین خواستی لەسەرە."
هەروەها حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بانکی ناوەندی هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار دەدات و فرۆشتنی دۆلاری لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە ئاسان کردووە، هاوکات دۆخی عێراقیش ئارامە و هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار."
بەیانی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 147 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمساڵ یەکەم جارە بەهای دینار بەوشێوەیە بەرزبێتەوە.
هەر ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 9 ملیۆن و 200 هەزار تمەنی ئێرانییە بە حەواڵە، بە نەختیش بەرامبەر 8 ملیۆن و 800 هەزار تمەنە.
هەروەها یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 162 هەزار دینارە و 3600 لیرەی تورکیش بەرامبەر 100 دۆلارە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 307 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە، کە بەرزترە لە تێکڕای ئەو دۆلاری رۆژانە دەیخاتەڕوو.
بەشێوازی گشتی؛ رۆژانە بانکی ناوەندی نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو، بەڵام ماوەی یەک هەفتەیە خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ