بەهای دینار بەرزبووە؛ 100 دۆلار بە 147،600 دینارە

02-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهای دینار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 147 هەزار و 600 دینار دەفرۆشرێت.
 
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-3-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بانکی ناوەندی هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار دەدات و فرۆشتنی دۆلاری لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە ئاسان کردووە، هاوکات دۆخی عێراقیش ئارامە و هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار." 
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دیناردا، خواست لەسەر کڕینی دۆلاریش کەم بووەتەوە، بە گوتەی حاجی سابیر، کەمیی خواستیش هۆکارە بۆ بەهێزبوونی دیناری عێراق.
 
هەر ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 9 ملیۆن و 200 هەزار تمەنی ئێرانییە بە حەواڵە، بە نەختیش بەرامبەر 8 ملیۆن و 800 هەزار تمەنە.
 
هەروەها یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 165 هەزار دینارە و 3600 لیرەی تورکیش بەرامبەر 100 دۆلارە.

 

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 307 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە، کە بەرزترە لە تێکڕای ئەو دۆلاری رۆژانە دەیخاتەڕوو.
 
بەشێوازی گشتی؛ رۆژانە بانکی ناوەندی نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار دەخاتەڕوو، بەڵام ماوەی یەک هەفتەیە خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە زیادیکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە