هەموارى بودجە مانگانە 190 ملیۆن دۆلار بۆ پشکى هەرێمى کوردستان زیاددەکات

02-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەموارى یاساى بودجە زیاتر لە 190 ملیۆن دۆلار بۆ پشکى هەرێمى کوردستان زیاددەکات، دواى ئەوەى رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەکات. ئەو بڕە پارەیە پاش خەمڵاندنى لایەنێکى راوێژکاریى نێودەوڵەتى گۆڕانکاریى بەسەردا دێت. 
 
رادەستکردنى نەوتەکە دواى بڵاوکردنەوەى هەموارى یاساى بودجەیە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى، هەموارەکە ئەگەرى بۆ رێکنەکەوتنى هەولێر و بەغدا داناوە لەسەر لایەنە راوێژکارییەکە، بەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى لەسەر دەدات. 
 
پەرلەمانى عێراق، رۆژی 2ـى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسەندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
 
هەموارەکە تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
60 رۆژى یەکلاکەرەوە
 
بە گوێرەى هەموارەکە، بڕى 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى یەک بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێت، تاوەکو لە ماوەى 60 رۆژ لە کارابوونى یاساکەدا، وەزارەتى نەوتى فیدراڵ بە رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لایەنێکى راوێژکاریى تەکنیکیى نێودەوڵەتى دیاری بکات.
 
ئەو لایەنى راوێژکارییە ئەرکى ئەوە دەبێت تێچووى خەمڵێنراوى "دادوەرانە "ـى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە هەر کێڵگەیەکى نەوتى هەرێمى کوردستان بەجیا بخەمڵێنێت.  
 
ئەگەر هەولێر و بەغدا رێکنەکەوتن؟
 
هەموارەکە ئەگەرێکى بۆ رێکنەکەوتنى هەردوو وەزارەتى نەوتى فیدراڵ و سامانە سرووشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان داناوە لەسەر ئەو لایەنە راوێژکارییەى نرخى خەمڵێندراوى نەوت دادەنێت. 
 
بەگوێرى هەموارەکە، ئەگەر لە ماوەى 60 رۆژەکەدا ئەو دوو وەزارەتەکە رێکنەکەوتن، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەو لایەنە راوێژکارییە دیاری دەکات.
 
مامەڵەکردن بە نەوتى رادەستکراوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە دەست وەزارەتى نەوتى فیدراڵ و بە دیاریکراوى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ)، بەڵام خەرجکردنى شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان دەکەوێتە دەست وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ.
 
بەگوێرەى هەموارەکە، شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە خەرجیى سەروەرى دەدرێت و ئەو بڕە پارەیە لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت.
 
قەرزى کۆنى نەوت نافەوتێت 
 
تاوەکو ئەو کاتەى لایەنە راوێژکارییە نێودەوڵەوتییەکە نرخى خەمڵێندراوى بەرهەمھێنانى نەوت دیاری دەکات، بۆ هەر بەرمیلێکى ئەو بڕە نەوتەى هەرێمى کوردستان رادەستى بەغداى دەکات، 16 دۆلار دیاری دەکرێت کە دەبێت وەزارەتى دارایی عێراق بیداتە هەرێمى کوردستان. 
 
بەوپێیە، پارەى 12 ملیۆن بەرمیل نەوتى مانگانەى هەرێمى کوردستان تاوەکو یەکلاییکردنەوەى نرخى خەمڵێندراو، دەکاتە 192 ملیۆن دۆلار. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوى گوت: "ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو نەوتە رادەست نەکات، پارەى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى پێنادرێت، پێشوەختیش پارەکە وەرناگرێت". 
 
دواى ئەو 60 رۆژە و کارکردن بە خەمڵاندنى لایەنە راوێژکارییەکە، دەستدەکرێت بە پاکتاوکردنى ئەو پارەیەى کە پێشتر لەسەر بنەماى 16 دۆلارەکە دراوەتە هەرێمى کوردستان بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لەو کاتەوەى نەوتەکەى رادەست کردووە.
 
ئەگەر پارەى شایستەى دارایی پێش کارابوونى نرخى خەمڵێندراوى لایەنە راوێژکارییەکە زیاتر بێت لەوەى پێشتر دراوە بە هەرێمى کوردستان، دەبێت بەغدا زیادەى ئەو پارەیە بداتە هەولێر، ئەگەر زیاتریش درابوو دەبێت لە پشکى هەرێمى کوردستان ببڕدرێت.
  
کەى جێبەجێ دەکرێت؟
 
دوو هۆکار بۆ دەرچوواندنى پڕۆژەى هەموارى یاساکە دیاری کراوە، یەکەمیان زیادکردنى داهاتى کرداریى فیدراڵ و دووەمیان باشترین بەکارهێنانى دەروازەکان بۆ هەناردەى نەوت و فرەچەشنکردنى.
 
لەبارەى بەکارهێنانى نەوتى رادەستکراو بۆ هەناردەکردن یان بەکارهێنانى ناوخۆیی، جەمال کۆچەر دەڵێت: "لەدواى رادەستکردنى نەوتەکە، وەزارەتى نەوت و کۆمپانیاى سۆمۆ بڕیار دەدەن چەندى لێ هەناردە بکەن." 
 
بەگوێرەى هۆکارى دەرچوونى یاساکە بێت، دواى بڵاوکردنەوەى هەموارەکە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى، جێبەجێ دەکرێت. 
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەڕووى یاساییەوە دواى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائعی دەبێت هەموارەکە بکەوێتە وارى جێبەجێکردن، بەڵام پرسى تەنکیکى لە رادەستکردنى نەوتەکە جیاوازە لەڕووە یاساییەکە". 
 
دەنگى ناڕەزایی بەرزبووەوە 
 
لەکاتى دەنگدان لەسەر هەموارى یاساکە لە پەرلەمانى عێراق، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوور لەدژى وەستانەوە. ئەو پەرلەمانتارانە خۆیان بە بەرەى پەرلەمانتارانى نێوەڕاست و باشوور ناساندووە.
      
رائید مالیکى، کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانە، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانى دا بەناوى بەرەکەوە گوتى: "داوامان کرد نەوتى هەرێمى کوردستان بە هاوبەشى بەڕێوەببرێت و بەڵگەنامەى گرێبەستەکانى نەوت رادەست بکرێت".
 
پەرلەمانتارانى ئەو بەرەیە بایکۆتى کۆبوونەوەى پەرلەمانیان کرد و دەنگیان بە هەموارى یاسای بودجە نەدا. هادى سەلامى، یەکێک لە پەرلەمانتارانى بەرەکە گوتى: "لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تانە لەو هەموارە دەدەین".

 

  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنتی دیکە بەرزبووەوە

نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 74 دۆلار

نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و ئەمڕۆ پێجشەممە یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 93 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەهەمان رێژە بەرزبووەوە بۆ 69 دۆلار و 79 سەنت.