هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 7100 تۆن سەوزە و میوە دەنێرێتە باشوور و نێوەڕاستی عێراق

01-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رووداو، مانگی رابردوو رۆژانە زیاتر لە 7 هەزار تۆن سەوزە و میوەی نێوخۆ هەناردەی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق کراوە.
 
وەرزی زێڕینی سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستانە؛ رۆژانە پەتاتە، تەماتە، پیاز، باینجان، کوولەکە، شووتی، کاڵەک، خەیار و بیبەری نێوخۆ دەنێردرێتە عێراق و لە عەلوەی شارەکاندا خواستی زۆریان لەسەرە.
 
کشتوکاڵی هەولێر: رۆژانە 2500 تۆن بەرهەمی نێوخۆ هەناردە دەکەین
 
هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵ لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ 28 هەزار و 500 تۆن سەوزە و میوەمان رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە".
 
هەناردەکردن لە عەلوەی هەولێرەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەوامە. هۆشیار جەلیل دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 150 بارهەڵگری 5 بۆ 25 تۆنی سەوزە و میوەی پارێزگاکە دەبە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەولێر بۆ رووداو، ئەو بەرهەمەی لە عەلوەی هەولێرەوە رەوانەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت رۆژانە زیاتر لە 2 هەزار و 500 تۆنە.
 
سلێمانی و هەڵەبجە: رۆژانە 3000 تۆن بەرهەم هەناردە دەکەین
 
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی هەر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، رۆژانە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 3 هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵی دەنێردرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
جووتیارانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە رۆژانە نزیکەی هەزار 400 تۆن خەیار دەبەنە عەلوەی سلێمانی. سەروەر عەلی گوتی، "90%ـی خەیارەکە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقە".
 
جگە لە خەیار، تەماتە و کاڵەک زۆرترین ئەو بەرهەمانەن لە سلێمانی و هەڵەبجەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن، بەتایبەت تەماتەی پێنجوێن، کە زۆرترین خواستی عێراقییەکانی لەسەرە.
 
کشتوکاڵی دهۆک: مانگی هەشت نزیکەی 50 هەزار تۆنمان هەناردە کردووە
 
جووتیارانی پارێزگای دهۆکیش رۆژانە بەرهەمەکانیان دەنرێنە باشوور و نێوەڕاستی عێراق. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 01ـی مانگی 8 تاوەکو دوێنێ 31-08-2024، 49 هەزار و 488 تۆن بەرهەمی پارێزگاکەمان چووەتە نێوەڕاست و باشووری عێراق."
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی دهۆک بۆ رووداو، لە 01-01-2024 بۆ 31-08-2024، لە سنووری پارێزگاکە 184 هەزار و 311 تۆن بەرهەمی خۆماڵی نێردراوەتە نێوەڕاست و باشووری عێراق.
 
لە وەرزی هاویندا لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆ، حکومەتی ‌هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی بەرهەمەکە و بە بازاڕکردنی، قەدەخە یان باجی زۆر دەخاتە سەر هاوردەکردنیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە