تێچووی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی لەنگە دوو ملیار و 760 ملیۆن دینارە

01-04-2019
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن بازاڕی لەنگە
A+ A-

رووداو- هەولێر

بڕیارە ئەم هەفتەیە بە فەرمی بازاڕی لەنگەی هەولێر بكرێتەوە كە بە گوتەی بەرپرسێك لە ئەنجوومەنی وەزیران، دوو ملیار و 760 ملیۆن دینار لە نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكەدا خەرج كراوە.


نیوەشەوی 25/10/2018 بازاڕی لەنگە لە هەولێر ئاگری گرت و زیاتر لە نیوەی  سووتا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بازاڕەكە نۆژەن بكاتەوە.

هۆشیار قادر، سەرۆكی فەرمانگەی بەدواداچوونی پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران بە (رووداو)ی راگەیاند: "دوای رووداوەكە دەستمان بە بەدواداچوون كرد و رۆژی 29/10/2018 چوار لیژنەمان بۆ نۆژەنكردنەوەی دروستكرد".

 گوتیشی: "سیستەمی ئاوی بازاڕەكە هەمووی لەژێر زەوی دانراوە، تێستمان كردووە و بەبێ كێشە تەواو بووە، بۆ سیستەمی بەرگریی شارستانیش بۆ هەر 85 مەترێك بۆردێكمان داناوە، هەروەها 17 سندوقی سۆندەمان لەو شوێنانە داناوە تاوەكو ئاسان بێت بۆ بەكارهێنان لەكاتی رووداوی نەخوازراودا. سیستەمی كارەبای نیشتمانی و موەلیدەشمان لەبری تۆڕی جیاواز بە یەك كێبڵ هێنایە نێو بازاڕەكە و 5 بگۆڕٍی 1000 كەیڤیشمان بۆ داناوە".

بازاڕەكە 2200 دووكانە، 1260 دووكانیان بە تەواوی سووتابوون. هۆشیار قادر دەڵێ: "بازاڕەكە ئەم هەفتەیە بەفەرمی لەلایەن سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگاری هەولێرەوە دەكرێتەوە".

بەگوتەی بەرپرسەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، دوای نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە، نرخی دوكانەكان بەرزبووەتەوە: "كاتی خۆی خاوەنی دووكانە سووتاوەكان گوتیان خۆمان دووكانەكان نۆژەن دەكەینەوە، بەڵام رێگەمان بدەن چوار ریز لە سەقفی دووكانەكان بەرز دەكەینەوە، پارێزگاری هەولێریش رازی بوو، بەو هۆیەوە ئێستا نرخی هەر دووكانێك 70 بۆ 80 هەزار دۆلار گرانتر بووە، ئێستا ئەوانەی دووكانیان نەسووتاوە، داوایان كردووە دەستكاری دووكانەكانیان بكەن و سەقفەكەی بەرز بكەنەوە، بەڵام قبوڵمان نەكرد، چونكە زیاتر لە شەش مانگی دەوێت، بۆیە لەگەڵیان رێككەوتین كە حكومەت سەقف و كارەباكەیان بۆ چاك بكات، ئەویش دوو مانگ دەخایەنێ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە