سێنتکۆم: لە ماوەی 24 کاژێردا، بۆ جاری دووەم هێرش کرایەوە سەر کەشتیی مێرسک

رووداو دیجیتاڵ

کەمتر لە 24 کاژێر دوای ئەوەی بە مووشەک هێرشی کرایە سەر، جارێکی دیکە حوسییەکانی یەمەن بە چوار بەلەمی بچووک هێرشیان کردەوە سەر کەشتیێکی بازرگانیی دانمارکی لە دەریای سوور، بەڵام هێرشەکە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە شکستی پێهێنرا، ئەمە وەک فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) باسی دەکات. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31-12-2023) سێنتکۆم رایگەیاندبوو، حوسییەکانی یەمەن کاژێر 8:30ـی شەوی شەممە بەکاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر)، بە مووشەک لە کەشتیی مێرسک هانژوویان داوە. 
 
ئەمڕۆ، لە پۆستێکی دیکەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، کاژێر 6:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ، جارێکی دیکە لە لایەن چوار بەلەمی بچووکی حوسییەکانەوە هێرش کراوەتەوە سەر هەمان کەشتی، کە هەڵگری ئاڵای سینگاپوورە، واتە بە گوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە کاردەکات، بەڵام لە لایەن دانیمارکەوە خاوەنداریێتی دەکرێت و کاری پێدەکرێت. 
 
سێنتکۆم دەڵێت "ئەو بەلەمە بچووکانە، کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەمەنەوە هاتبوون، بە چەکی سووک تەقەیان لە مێرسک هانگژوو کرد و بە مەودای 20 مەتر لە کەشتییەکە نزیککەوتنەوە و هەوڵیاندا بچنە نێوی."
 
دوای ئەوە، هێزە ئەمنییەکانی نێو کەشتییەکە بە تەقە وەڵامی بەلەمەکانیان داوەتەوە، پاشان هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر و گرەڤیلیەوە فڕیون بۆ ئەوەی بە هانای کەشتییە بازرگانییەکەوە بچن. 
 
سێنتکۆم دەڵێت "بەلەمە بچووکەکان تەقەیان لە هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا کرد." لە وەڵامی ئەوەدا، "هێلیکۆپتەرەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ بەرگری لەخۆکردن، وەڵامی تەقەکەیان دایەوە. لەو چوار بەلەمە، سیانیان نقوومکردن و سەرنشینەکانیان کوشتن. بەلەمی چوارەم لە ناوچەکە هەڵات. هیچ زیانێک بە سەرباز و کەلوپەلی ئەمریکا نەکەوت."
 
حووسییەکان لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سوور، بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆیان، لەو رێگەیەوە پشتیوانی لە غەززە بکەن، کە کەوتووەتە ژێر هێرشی تووند و خوێناوی ئیسرائیل و زۆربەی هەرە زۆری قوربانییەکانی، خەڵکی سڤیلن.  
 
بەگوێرەی هێزە ئەمریکییەکە، لە 19ـی تشرینی یەکەمەوە، ئەمە 24ـەمین جارە هێرش حووسییەکان هێرش بکەنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور. 
 
لە دوای هێرشی یەکەمی سەر کەشتیی مێرسک هانگژوو، سێنتکۆم رایگەیاندبوو، کەشتییە جەنگەکانیان لە کاتی بەهاناوەچوونی کەشتییەکەدا، بەرپەرچی دوو مووشەکی بالیستیی دژە کەشتییان داوەتەوە. 
 
سێنتکۆم گوتبووی، دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، یو ئێس ئێس گرەیڤلی و یو ئێس ئێس لابوون، کە لە جۆری وێرانکەرن، فریای کەشتیی مێرسک هانگژوو کەوتبوون. 
 
کەشتییە بارهەڵگرەکە لە کاتی رەتبوونی بە دەریای سوور، بە مووشەکێک پێکرابوو. 
 
کاتێک دوو کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکە بە هانای کەشتییە بازرگانییەکەوە رۆیشتوون، دوو مووشەک ئاراستەیان کراون و کەشتیی گرەیڤلی هەردووکیانی تێکشکاندووە.  
 
هێرشی حوسییەکان، کە رایانگەیاندووە تەنیا ئیسرائیل و کەشتییە پەیوەندیدارەکانی دەکەنە ئامانج، بوونەتە مەترسی بۆ سەر رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی دەریایی، کە رێژەی 12٪ـی کۆی بازرگانیی جیهانیی پێدا دەرباز دەبێت، هەر ئەوەش بوو وای لە ئەمریکا کرد لەم مانگەدا هێزێکی دەریایی فرەنەتەوە بۆ کەشتییەکان پێکبێنێت. 
 
لە هێرشەکانی ئیسرائیل کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، بۆ سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 21 هەزار و 627 کەس کوژراون، کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن، ئەمە وەک وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاندووە، هەروەها ئیسرائیل رایگەیاندووە تاوەکو ئێستا هەشت هەزار چەکداری حەماسی کوشتووە. 
 
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەم، هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە؛ لەو رۆژەدا، نزیکەی هەزار و 140 ئیسرائیلی کوژران، کە زۆربەیان، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، خەڵکی سڤیل بوون. هەر لەو رۆژەدا نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتە گیران و بردرانە غەززە؛ هێشتا نیوەیان لەوێ ماون. 
 
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لەلایەن جووە هاوردەکانەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199ـی دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
کوژرانی خەڵکی سڤیلی غەززە، لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووڕەیی لێ کەوتووەتەوە و بووەتە هاندەرێک بۆ زیادبوونی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانەکانی. 
 
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکی، کە واشنتن دەڵێت، لەلایەن گرووپەکانی لایەنگری ئێرانەوە کراون.