کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا دوو مووشەک لە دەریای سوور تێکدەشکێنێت

رووداو دیجیتاڵ

هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، لە دەریای سوور دوو مووشەکی بالیستیی دژەکەشتییان تێکشکاندووە، کە لە یەمەنەوە هاوێژرابوون، دوای ئەوەی لەلایەن کەشتیێکی بارهەڵگرەوە ئاگادارکرابوونەوە لەوەی بە مووشەک لێی دراوە. 
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوو مووشەکەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانی یەمەنەوە هاوێژرابوون. 
 
هێزە ئەمریکییەکە دەڵێت، لە 19ـی تشرینی یەکەمەوە، ئەمە 23ـەمین "هێرشی نایاسایی حوسییەکانە بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی."
 
حوسییەکان لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سوور، بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆیان، لەو رێگەیەوە پشتیوانی لە غەززە بکەن، کە کەوتووەتە ژێر هێرشی تووند و خوێناوی ئیسرائیل و زۆربەی هەرە زۆری قوربانییەکانی، خەڵکی سڤیلن.  
 
سێنتکۆم گوتی، دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، یو ئێس ئێس گرەیڤلی و یو ئێس ئێس لابوون، کە لە جۆری وێرانکەرن، فریای کەشتیی مێرسک هانگژوو کەوتوون، کە کەشتیێکی هەڵگری ئاڵای سینگاپوورە، واتە بە گوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە کاردەکات، بەڵام لە لایەن دانمارکەوە خاوەنداریێتی دەکرێت و کاری پێدەکرێت. 
 
کەشتییە بارهەڵگرەکە لە کاتی رەتبوونی بە دەریای سوور، بە مووشەکێک پێکرابوو. 
 
کاتێک دوو کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکە بە هانای کەشتییە بازرگانییەکەوە رۆیشتوون، دوو مووشەک ئاراستەیان کراون و کەشتیی گرەیڤلی هەردووکیانی تێکشکاندووە.  
 
هێرشی حوسییەکان، کە رایانگەیاندووە تەنیا ئیسرائیل و کەشتییە پەیوەندیدارەکانی دەکەنە ئامانج، بوونەتە مەترسی بۆ سەر رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی دەریایی، کە رێژەی 12٪ـی کۆی بازرگانیی جیهانیی پێدا دەرباز دەبێت، هەر ئەوەش بوو وای لە ئەمریکا کرد لەم مانگەدا هێزێکی دەریایی فرەنەتەوە بۆ کەشتییەکان پێکبێنێت. 
 
لە هێرشەکانی ئیسرائیل کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، بۆ سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 21 هەزار و 627 کەس کوژراون، کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن، ئەمە وەک وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاندووە، هەروەها ئیسرائیل رایگەیاندووە تاوەکو ئێستا هەشت هەزار چەکداری حەماسی کوشتووە. 
 
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەم، هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە؛ لەو رۆژەدا، نزیکەی هەزار و 140 ئیسرائیلی کوژران، کە زۆربەیان، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، خەڵکی سڤیل بوون. هەر لەو رۆژەدا نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتە گیران و بردرانە غەززە؛ هێشتا نیوەیان لەوێ ماون. 
 
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لەلایەن جووە هاوردەکانەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199ـی دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
 
کوژرانی خەڵکی سڤیلی غەززە، لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووڕەیی لێ کەوتووەتەوە و بووەتە هاندەرێک بۆ زیادبوونی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانەکانی. 
 
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکی، کە واشنتن دەڵێت، لەلایەن گرووپەکانی لایەنگری ئێرانەوە کراون.