وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هانی هەولێر و بەغدا دەدەین لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش رێکبکەون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، هانی هەولێر و بەغدا دەدەن بە زووترین کات "لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش" رێکبکەون و بودجە و یاسایەکی نەوت و گازی نوێ پەسند بکەن.
رۆژی دووشەممە، 31-7-2023، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن کە لەبارەی خەرجی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوو، گوتی: "بەردەوام دەبین لە هاندانی هەردوولا بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کە سوود بە کەشی وەبەرهێنانەکانی دەرەوەی عێراق بگەیێنێت، هەروەها رێز لە بەشداریی گرنگی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بگرن، لەوانە لە کەرتی وزە، بەجۆرێکیش کە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی عێراق بێت".
گوتەکانی ماتیو میلەر لەکاتێکدان، حکومەتی عێراق رایگەیاندووە ئامادەنییە شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان کە لە رابردوودا لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە بدات.
دیار کوردە هاوکات پرسیارێکی لەبارەی کاردانەوەی ئەمریکا لەسەر سەردانەکەی جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ ئێران کرد. ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، دەبێت پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران نەگاتە ئاستێک کە سەروەریی عێراق پێشێلبکات.
ماتیو میلەر گوتیشی، "هەمیشە گوتوومانە، حەزدەکەین ئەو پەیوەندییە دووقۆڵیانە پەیوەندیی ئاسایی بن و تێیاندا رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت. لە رابردوودا زۆر ئەوەمان نەبینیوە. زۆربەی کات ئێمە (ئەمریکا)تان بینیوە هەوڵمانداوە هەوڵی ئێران بۆ خۆسەپاندن بەسەر عێراقدا رێگەلێبگرین یان کەمبکەینەوە."
رووداو ویستیشی لەوە دڵنیابێتەوە کە ئایا ئەمریکا بە پلاسخارتدا هیچ پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە؛ ماتیو میلەر لە وەڵامدا گوتی، "چەندین جار گوتوومانە کە دەتوانین پەیام بۆ ئێران بنێرین کاتێک لە بەرژەوەندی خۆماندایە."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: حکومەتی عێراق بە شاندی هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، کە ئامادەنین شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بدەن کە لە رابردوو لە هەرێمی کوردستان کاریانکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیای ئەمریکی هەن کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەگەڵ ئەمەشدا، ناوەندی پەرەپێدانی دارایی ئەمریکا زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری وەک قەرز بە کۆمپانیاکانی وزە داوە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کاردانەوەی ئێوە بۆ ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق چییە، هەروەها ئێوە چی دەکەن تاوەکو کۆمپانیاکانتان لە هەرێمی کوردستان پارەکانیان وەردەگرن و هەروەها قەرزەکەی حکومەتی ئەمریکاش پارێزراوە؟
ماتیو میلەر: من پێش هەموو شتێک دەڵێم، من نازانم ئەگەر حکومەتی عێراق ئەو کارەی کردبێت، من دەڵێم بە گشتی ئێمە دووبارە و دووبارە هانی بەغدا و هەولێر کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش رێکبکەون؛ لەوانە بودجەیەکی گونجاو و یاسایەکی نەوت و گازی نوێ. بەردەوام دەبین لە هاندانی هەردوولا بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک کە سوود بە کەشی وەبەرهێنانەکانی دەرەوەی عێراق بگەیێنێت، هەروەها رێز لە بەشداریی گرنگی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بگرن، لەوانە لە کەرتی وزە، بەجۆرێکیش کە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی عێراق بێت.
رووداو: پرسیارێک لەبارەی سەردانەکەی دوێنێی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بۆ ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆچوونی ئێوە لەوبارەوە چییەو ئێوەش لەوباوەڕەدان بۆ هەبوونی سەقامگیری سیاسی لە عێراق، دەبێت سەرەتا قسە لەگەڵ ئێران بکرێت؟
ماتیو میلەر: من قسە لەبارەی سەردانەکەی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ناکەم، بەڵام دەڵێم بە دڵنیاییەوە عێراق پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئێران هەیە. ئەوەش کە ئێمە هەمیشە وتوومانە، حەزدەکەین ئەو پەیوەندییە دووقۆڵیانە پەیوەندیی ئاسایی بن و تێیاندا رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت. لە رابردوودا زۆر ئەوەمان نەبینیوە. زۆربەی کات ئێمە (ئەمریکا)تان بینیوە هەوڵمانداوە هەوڵی ئێران بۆ خۆسەپاندن بەسەر عێراقدا رێگەلێبگرین یان کەمبکەینەوە. هەروەها لە بەردەوامی پەیوەندییە دووقۆڵییەکەیان، بەهیواین بەجۆرێک بێت کە رێز لە سەروەری عێراق بگرێت.
رووداو: ئێوە هیچ پەیامێکتان لە رێگەی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ عێراق بۆ ئێران ناردووە، چونکە هەندێک میدیای عێراقی دەڵێن، ئێوە دوێنێ پەیامێکتان بۆ ئێران ناردووە؟
ماتیو میلەر: وەک پێش ئەوەی بێمە سەر ئەم سەکۆیە گوتم، لەبارەی پەیوەندییەکی دیاریکراوەوە قسەناکەم، بەڵام چەندین جار گوتوومانە کە دەتوانین پەیام بۆ ئێران بنێرین کاتێک لە بەرژەوەندی خۆماندایە.