بەریتانیا چاودێری لەسەر کرێکارانی پەناخواز چڕدەکاتەوە

پۆلیسێکی بەریتانی لە لەندەن. وێنەکە 18-4-2022 گیراوە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
 
بەریتانیا بڕیاریداوە چاودێری و رێکارەکان لەسەر ئەو پەناخواز و پەنابەرانە تووند بکات، کە بێ ئەوەی مافی کارکردنیان هەبێت، لەو وڵاتە کاردەکەن. 
 
رۆژی دووشەممە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لووتکەی ئاسایشی سنوور لە لەندەن رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی لە مافی کارکردنی کارمەندەکانیان ناپێچنەوە، دەکرێت تاوەکو 60 هەزار پاوەند پێبژاردن سزابدرێن، دابخرێن یانیش بەرپرسانیان پێنج ساڵ بەندکردن سزابدرێن. 
 
ستامەر هەروەها رەخنەی لە پلانی حکومەتی پێشوو گرت، کە بڕیاریدابوو کۆچبەران بنێرێتە رواندا. 
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پلانەکەی بە شکستخواردوو ناوبرد، هەروەها باسی لەوە کرد، لەو کاتەوەی ئەو دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، زیاتر لە 24 هەزار کەس لەو کۆچبەرانەی مافی پەنابەرێتییان نییە، گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان. 
 
ستامەر گوتی: "پلانی رواندا پێویستی بە 80 ساڵ بوو بۆ جێبەجێکردن."
 
ستامەر هەروەها گوتی، ئەو کەسانەی کە مافی پەنابەرێتییان پێ دراوە بەڵام تاوان دەکەن، زیاتر لە جاران دیپۆرتدەکرێنەوە. تیمێکی تایبەتیشیان پێکهێناوە کە سەردانی زیندانەکان دەکات بۆ ئەوەی زیندانییە بیانییەکان رادەستی وڵاتەکانیان بکاتەوە.
 
لووتکەی تاوانی کۆچی رێکخراو (لووتکەی ئاسایشی سنوور) رۆژی دووشەممە بە بەشداریی 40 وڵات بەڕێوەچوو کە عێراق، ئەمریکا، ڤیێتنام و فەرەنساش تێیدا بەشدارن.