گووگڵ بەتۆمەتی نەپاراستنی نهێنی بەکارهێنەران دەبێت 5 ملیار دۆلار قەرەبوو بدات
رووداو دیجیتاڵ
بۆ بڕاندنەوەی سکاڵایەک، گووگڵ رازیبوو 5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بدات. گووگڵ تۆمەتبارە بەوەی زانیاریی ئەو بەکارهێنەرانەی لای خۆی هێشتووەتەوە کە وێبگەڕی گووگل کرۆمیان بە شێوازی 'incognito' یاخود نهێنی، بەکارهێناوە.
سکاڵاکاران دەڵێن، گووگڵ بەکارهێنەرانی بەرنامەی کرۆمی هەڵخەڵەتاندووە و وا خۆی پیشانداوە کە کۆمپانیاکە شوێنی ئەوە ناکەوێت بەکارهێنەران لە نێو کرۆمدا چ ماڵپەرێک دەکەنەوە و بەداوای چیدا دەگەڕێن، لە کاتێکدا کە بە پێچەوانەوە، هەر بەکارهێنەرێک بە شێوازی نهێنی کرۆمی بەکارهێنابێت، گووگڵ هەموو زانیارییەکانی لای خۆی هێشتووەتەوە.
ژمارەیەک ئیمەیڵ کە لە سکاڵاکەدا وەک بەڵگە پێشكێشکراون، پێشانیدەدەن کە ئەو کەسانەی شێوازی نهێنیی گووگڵ کرۆمیان بەکارهێناوە، لە لایەن گووگڵەوە بۆ مەبەستی چاودێریکردنی ترافیکی ئینتەرنێت و فرۆشتنی ریکلام، چاودێرییان کراوە.
لە راگەیێندراوێکی دادگەدا، دادوەر پشتڕاستیکردەوە کە پارێزەرانی گووگڵ گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی ئەو دۆسیەیە کە لە 2020 لەسەری کراوەتەوە، ببڕێننەوە. سکاڵاکە باس لەوە دەکات کە "ملیۆنان کەس" بەو جۆرە لە لایەن گووگڵەوە چاودێریکراون.
پارێزەرانی سکاڵاکاران داوایان دەکرد، گووگڵ لانیکەم 5 هەزار دۆلار بە هەر بەکارهێنەرێک بدات کە لە کاتی بەکارهێنانی شوێوازی نهێنیی کرۆمدا، داتاکانیان کەوتبنە ژێر چاودێریی هەردوو خزمەتگوزاریی Google Analytics و Ad Manager.
بەو پێیە، پێویستە لەسەر گووگڵ لانیکەم 5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە بەکارهێنەرانی بدات.
ئەم رێککەوتنەی گووگڵ لەگەڵ پارێزەرانی سکاڵاکاران، تەنیا یەک هەفتە دوای ئەوە دێت کە داوایەکی گووگڵ بەوەی دۆسیەکە لە لایەن دادوەرێکەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، رەتکرایەوە. بڕیاربوو ساڵی داهاتوو دادگاییکردنەکە دەستپێبکات.
ئەو سکاڵایە کە لە دادگەیەکی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا تۆمارکرابوو، دەڵێت، بە هەڵخەڵەتاندنیان بۆ بەکارهێنانی شێوازی 'incognito'، گووگڵ تایبەتمەندیی و نهێنییەکانی بەکارهێنەرانی پێشێلکردووە.
سکاڵاکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە گووگڵ و کارمەندەکانی "دەسەڵاتی ئەوەیان هەبووە زانیاریی هەستیار لە بارەی ژیان و ئارەزووی بەکارهێنەران و چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئینتەرنێتیان بزانن."
بڕیارە دۆسیەکە بە فەرمی لە 24ی شوباتی ساڵی 2024، لە لایەن دادگەوە یەکلابکرێتەوە.
مانگی ئابی ئەم ساڵیش، گووگڵ 23 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو دا بۆ ئەوەی دۆسیەی پێدانی داتای گەڕان بە لایەنەکانی سێیەم، ببڕێنێتەوە.
ساڵی 2022، فەیسبووک رازیبوو 725 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بدات بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەیەکی هاوشێوە لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیاریی بەکارهێنەران.