دانوستاندنی ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
گەڕی یەکەمی دانوستاندنی ئێران و وڵاتانی ئەورووپا لە سویسرا بەڕێوەچوو.
کازم غەریبابادی، بریکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە دانوستاندنەکەدا نوێنەرایەتیی تارانیان کرد.
کازم غەریبابادی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکان لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەڕێوەچوو و گفتوگۆ لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی و لادانی سزاکانی سەر ئێران کرا".
غەریبابادی رایگەیاند: "رێککەوتین بە درێژەدان بە گفتوگۆ".
پێشتر وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدانی ناڕاستەوخۆ بە ئامادەنەبوونی ئەمەریکا لە دانوستاندنەکانی رۆژی هەینیدا رایگەیاندبوو،"گەشبین نیم، چونکە دڵنیا نیم ئێران قسە لەگەڵ لایەنێکی دروست دەکات. وا دیارە وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەت بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەیان هەڵبژاردووە".
بەڕێوەچوونی دانوستاندنی ئەتۆمی لە کاتێکدایە، کەمتر لە دوو مانگی دیکە دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و تاران بە دووری نازانێت، ئیدارەی نوێی ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر بکات.
رۆژی 21-11-2024، ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسند کرد.
بەگوێرەی بڕیارنامەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوا لە ئێران دەکات زانیاریی تەواو لەبارەی شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێنراو لە هەردوو بنکەی ئەتۆمیی فۆردو و نەتەنز بدات کە "شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 83٪ لەو دوو بنکەیە دۆزراوەتەوە."
هەروەها داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەش کراوە راپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە بکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی بڕیارنامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، کۆمەڵە سانتریفیوجێکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەخاتەگەڕ.