یەکێتیی ئەوروپا داوای گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا راپۆرتێکی نوێی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئامادە کردووە. لە راپۆرتەکەدا باسی ئەندامیێتیی تورکیا نەکراوە، بەڵام پێشنیاز بۆ دیالۆگ و هاوکاری و دەستپێکردنێکی نوێ لەگەڵ تورکیا کراوە.
 
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و ئۆلیڤەر ڤارهێلی، ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرس لە کاروباری دراوسێتی و فراوانبوون، راپۆرتێکیان نووسیوە و تێیدا داوای گفتوگۆی نوێیان لەگەڵ تورکیا کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکرێت لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی هاوبەش" لە بابەتەکانی کۆچ و وزە، بازرگانی و ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی تورکیا هاوکار بێت.
 
لە راپۆرتەکەدا باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا کراوە و نووسراوە، "ئاستی بازرگانی لەگەڵ تورکیا گەیشتووەتە 200 ملیار یۆرۆ و ئەمەش ریکۆردێکی پێوانەییە".
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بە ئامانجی گۆڕانی دۆخی جیۆپۆلەتیکی و ئەمنی باشتر بکات و لەم دواییانەشدا دەرفەت بۆ ئەمە رەخساوە. بۆ نموونە باس لەوە دەکرێت کە تورکیا لەم دواییانەدا هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانی دەریای ناوەڕاست دەدات و لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە دەکات.
 
لە راپۆرتەکەدا، لەبری ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپا، داوای دیالۆگی ئاستی باڵا کراوە، لە بواری کۆچ و وزە، بازرگانی و ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی تورکیا هاوکاری بکرێت.
 
لە راپۆرتەکەدا سەبارەت بە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی تورکیا نووسراوە، "تورکیا پێوەرە پێویستییەکانی پێدانی ڤیزەی بێبەرامبەری تەواو نەکردووە". ئەنجوومەنی ئەوروپا و کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی تەکنیکی پێشکەش بە تورکیا دەکەن بۆ جێبەجێکردنی مەرجە پێویستەکان.
 
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەندامێتیی تورکیا لە ساڵی 2018ـەوە راگیراوە.
 
لە راپۆرتەکەدا، سەبارەت بە پرسی قوبرس، دەریای ناوەڕاست، جێبەجێنەکردنی هەندێک لە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، سەروەریی یاسا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، رەخنەی زۆر لە تورکیا گیراوە و وەک بەربەست لەبەردەم پەیوەندییەکاندا ئاماژەی پێدراوە.