پووتین فەرماندەیەکی باڵای ڤاگنەر بۆ سەرپەرشتیکردنی "خۆبەخشەکان" رادەسپێرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا فەرماندەیەکی نوێی بۆ چەکدارانی ڤاگنەر دیاریکرد. ئەو پیاوە سەرسپییەی لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتین و جێگری وەزیری بەرگریی رووسیادا کۆبووەتەوە، ئەندرێی ترێشۆڤە، تەمەنی 61 ساڵە.
لە ساتی دامەزراندنی ڤاگنەرەوە لە ساڵی 2014، رۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە سەرکردایەتیکردنی گرووپەکە. لە سووریا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکە بووە. بەشداری لە جەنگی نێوان سۆڤیەت و ئەفغانستان و جەنگی دووەمی چیچانیشدا لە ساڵی 1999دا کردووە.
ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەکاتی راسپاردنیدا رایگەیاند، "تۆ دەست دەکەی بە پێکهێنانی یەکە خۆبەخشەکان کە ئەرکی جۆراوجۆری شەڕکردن جێبەجێدەکەن، بە تایبەتی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت."
ئامادەبوونی یونسبێک یێکورۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیا لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی چەکدارانی ڤاگنەر لەمەودا بە بڕیار و رێنمایی وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەڵدەسوڕێن.
پووتین ئەوی کردە بەرپرسی ئەو چەکدارانەی کە بە پارە شەڕ بۆ رووسیا دەکەن، لە نێویشیاندا چەکدارانی ڤاگنەر، کە لە دوای مردنی یەڤگینی پریگۆژینەوە، بێ فەرماندە ماونەتەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین، رۆژی هەینی بە میدیاکانی گوت، ترێشۆڤ بۆ وەزارەتی بەرگری کاردەکات.
چەکدارانی ڤاگنەر لە ماوەی رابردوودا چەکوشی دەستی کرێمیلن بوون و لە سەختترین شەڕەکانی ئۆکراینادا رۆڵیان بینیوە، لەوانەش لە کۆنترۆڵکردنی باخمووت.
بەڵام لە دوای یاخیبوونە کورتخایەنەکەی 23ی حوزەیرانی ڤاگنەر دژی مۆسکۆ و تێکشکانی فڕۆکەکەی پریگۆژین لە 23ی ئاب، هیچ دەستکەوتێکی بەرچاویان بۆ رووسیا نەبووە.
لە دوای پەشیمانبوونەوەیان لە یاخیبوونەکە، کرێمیلن دوو بژاردەی پێ دان؛ یان گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگری واژۆبکەن یانیش بڕۆن بۆ بێلاڕووس.
هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاش دەڵێت، سەدان چەکداری پێشووی ڤاگنەر دەستیان بە گەڕانەوە کردووە بۆ ئۆکراینا بۆ ئەوەی لە بەرەکانی پێشەوە شەڕ بکەن و لە نزیک باخمووت چڕبوونەتەوە.