چی روودەدات ئەگەر هەموو مرۆڤەکان پێکەوە بمرن؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر هەموو مرۆڤەکان بمرن و بە یەکجاری کەسیان بە زیندوویی نەمێنێت، جیهان دەبێتە شوێنێکی زۆر جیاواز.
دوای چەند کاژێرێکی کەم، زۆربەی گڵۆپ و رووناکییەکانی جیهان دەکوژێنێەوە، چونکە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بێ سووتەمەنی دەمێننەوە و لەکاردەکەون.
پانێلەکانی وزەی خۆر لە کۆتاییدا بە تەپ و تۆز دادەپۆشرێن و چیدیکە کارەبا نادەن.
تەنیا وێستگە کارۆئاوییەکان لە کاردا دەمێننەوە، واتە ئەوانەی لە بەنداوەکان بە پەستانی ئاو کاردەکەن.
دوو بۆ سێ رۆژ دوای نەمانی مرۆڤ، وێستگەکانی میترۆ و شەمەندەفر پڕ دەبن لە ئاو، چونکە ئەو ماتۆڕانەی ئاو فڕێدەدەنە دەرەوە، لەکاردەکەون.
دوای 10 رۆژ، زۆربەی ئاژەڵە ماڵییەکان و مەڕ و ماڵاتی نێو کێڵگەکان، لە برسا دەمرن.
ئاژەڵە گۆشتخۆر و دڕندەکان رەوەی گەورە پێکدێنن و ئاژەڵانی دیکە راودەنێن.
دوای مانگێک، ئاوی تاوەرەکانی ساردکردنەوە لە بنکە ئەتۆمییەکان هەمووی دەبێتە هەڵم و نامێنێت، لە ئەنجامی ئەوەدا، زنجیرەیەک کارەساتی گەورە جیهان دەهەژێنن؛ بنکە ئەتۆمییەکان هەموویان دەتەقنەوە و تەقینەوەکان لەوانی فۆکۆشیما و چێرنۆبڵ زەبەلاحتر دەبن.
بەڵام لە کۆتاییدا، زەوی لەو تیشکدانەوە ئەتۆمییە رزگاری دەبێت کە بەناویدا بڵاوببوونەوە.
دوای ساڵێک، مانگە دەستکردەکانی دەوروبەری زەوی، یەک دوای یەک دەکەونە خوارەوە، ئەوەش لە ئەنجامی نەمانی سووتەمەنی و نەمانی چاودێریی مرۆڤ بەسەریانەوە بۆ رێکخستنەوەی ئاراستەکەیان.
دوای 25 ساڵ، دار و درەخت و سەوزایی، جیهان رووپۆش دەکەن، بە شەقام و باڵەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکانیشەوە. زۆربەی شارە گەورەکان ژێر خۆڵ دەکەون.
دوای 300 ساڵ، ئەو باڵەخانە، تاوەر و پردانەی لە ئاسن دروستکراون، بەهۆی ژەنگگرتن و داخوران، دەست بە رووخان دەکەن.
دوای 10 هەزار ساڵ، تاکە بەڵگە لەسەر هەبوونی ئێمە مابێتەوە، ئەو شتانە دەبن کە لە بەرد دروستمانکردوون، وەک هەڕەمەکانی میسر و دیواری مەزنی چین و چیای رەشمۆر لە ئەمریکا.
ئەگەر زەوی لە رووداوێکی مرۆڤ قڕکەر رزگاریبێت، وەک تەقینەوەی ئەتۆمی یان کەوتنەخوارەوەی نەیزەکی گەورە، تاوەکو 500 ملیۆن ساڵی دیکە ژیان لەسەر زەوی بەردەوام دەبێت.
6 ملیار ساڵی دیکە، زانست چاوەڕێ دەکات خۆر هەڵبئاوسێت و ببێتە تەنێکی سووری زەبەلاح و هەسارەکەمان و ئەوانی دیکەی دەوروبەری، یەک بە یەک قووتبدات.
سەرچاوەکان:
Science ABC
Hashem Al-Ghaili