رووسیا گرووپە چەکدارەکانی لە ئەفریقاوە دەگەڕێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا بووەتە هۆی تێکچوونی پلانی ئەو گرووپە چەکدارە رووسییانەی بە پارە لە بورکینا فاسۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ دەکەن. فەرماندەی یەکێک لەو گرووپانە دەڵێت، رووسیا بڕیاریداوە ژمارەیەکی زۆری ئەو چەکدارانە بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی بۆ ئەوەی لە هەرێمی کورسک شەڕ بکەن.
ڤیکتۆر یەرمۆلایڤ، سەرۆکی یەکەیەکی ئەو هێزانە کە بە یەکەی ورچەکان دەناسرێت، دەڵێت، بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانە بورکینا فاسۆیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە رووسیا؛ هەندێکیشیان لە وڵاتەکەی رۆژئاوای ئەفریقا ماون.
ئۆکراینا 6ی ئاب هێرشیکردە سەر هەرێمی کورسکی رۆژئاوای رووسیا.
یەکەی ورچەکان یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی هاوشێوەی گرووپی ڤاگنەر لەم چەند ساڵەی رابردوودا پێکهێندراون کە لە نزیکەوە پەیوەندییان بە دەوڵەتی رووسیاوە هەیە.
یارمۆلایڤ گوتی، "واماندەزانی ئۆکراینییەکان دەیانەوێت ئەم جەنگە کۆتایی بێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بەڵام دوای رۆیشتنیان بۆ نێو هەرێمی کورسک، دەیبینین ئەوان رێگەی جەنگیان هەڵبژارد. جەنگیش کاری ئێمەیە".
یارمۆلایڤ هەروەها رایگەیاند، "بۆ جەنگاوەرێکی رووسی هیچ شکۆیەک لەوە گەورەتر نییە بەرگری لە نیشتمانی خۆی بکات".
فەرماندەکە لە رووسیاوە هەڤپەیڤینی لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە.
یەکەی ورچەکان، هەفتەی رابردوو لە کەناڵی تەلەگرامەکەیەوە باسی لەوە کرد کە بە هۆی "رووداوەکانی ئەم دواییە"وە هێزەکەی دەگەڕێتەوە کریمیا، کە نیمچە دوورگەیەکی سەر بە ئۆکراینا بوو و لە ساڵی 2014 لە لایەن مۆسکۆوە کرایە بەشێک لە رووسیا.
بەرپرسێکی ئەمنیی رۆژئاوایی بە ئاژانسە هەواڵییەکەی گوتووە، نزیکەی سەد چەکداری یەکەکە بورکینا فاسۆیان جێهێشتووە.
هەواڵگریی وڵاتانی رۆژئاوا پێیانوایە ئەو چەکدارە رووسیانە ئیبراهیم تراوری، سەرکردەی سەربازیی بورکینا فاسۆ دەپارێزن کە لە ساڵی 2022 بە کودەتا دەسەڵاتی گرتەدەست.
زنجیرەیەک کودەتا لە وڵاتانی فەرەنسی زمانی رۆژئاوای ئەفریقا، لە مالی لە 2021، بورکینا فاسۆ لە 2022 و نەیجەر لە 2023 بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی هەژموونی رووسیا لەو ناوچانە.
سەرکردە سەربازییەکانی بورکینا فاسۆ دیپلۆمات و هێزەکانی فەرەنسایان دەرکرد و داوای یارمەتیی سەربازییان لە رووسیا کرد.