بزووتنەوەی تاڵیبان ئاڵای خۆی لە رۆژی نیشتمانیی ئاڵا و ئازادی هەڵدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی تاڵیبان رۆژی 31-08-2021 کە هاوکات دەبێت لەگەڵ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان وەکو رۆژی ئاڵا و ئازادی دەستنیشان دەکات و بڕیاریداوە لەو رۆژەدا ئاڵای خۆی هەڵبکات.
 
رۆژی دووشەممە 30-08-2021 بزووتنەوەی تاڵیبان لە هەموو شوێنێک ئاڵای خۆی هەڵکرد و بە دووکاندارانی راگەیاند، دەبێت هەموویان ئاڵای تاڵیبان دابنێن.
 
هێزەکانی تاڵیبان ئێوارەی رۆژی 30ی ئاب بەنێو شەقامی ویلایەتە جیاوازەکانی ئەفغانستاندا گەڕان و بانگەشەی رۆژی ئاڵا و ئازادییان کرد و بە هەمووانیان راگەیاند، "رۆژی 31-08-2021 رۆژی ئاڵا و ئازادیمانە و دەبێت هەمووتان دڵخۆش بن"؛ ئەم ئێوارەیەش بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاڵای تاڵیبان لە قەندەهار گەرم بووە.
 
رۆژی یەکشەممە 29-8-2021 مورتەزا خالقی، رۆژنامەنووسی سەربەخۆ بە رووداوی راگەیاندبوو، دەنگۆی هاتنەوەی هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە، سەرکردەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ قەندەهار هەیە و باس لەوە دەکرێت شەوی رابردوو گەڕابێتەوە شارەکە.
 
ئەمڕۆش [دووشەممە] بە رووداوی راگەیاند بەپێی ئەو زانیارییە نوێیانە کە هەن، بڕیارە سبەی [سێشەممە] هاوکات لەگەڵ رۆژی ئاڵا و ئازادی، هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە، سەرکردەی تاڵیبان دوای چەندین ساڵ بۆ یەکەمجار لەنێو خەڵکدا دەربکەوێتەوە.
 
پێشتریش سەرکردەکانی تاڵیبان رایانگەیاندبوو، لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکا و هێزە بیانییەکان، سەرکردەی تاڵیبان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەفغانستان دەگەڕێتەوە.
 
رۆژی شەممە 14-08-2021، بزووتنەوەی تاڵیبان بەبێ شەڕکردن شاری جەلالئابادی کۆنترۆڵکرد، بەوەش توانییان یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکەن و رۆژی دواتر بە چوونە نێو کابوول سەرکەوتنی خۆیان راگەیاند.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا، پێویستە دوای 31ی ئاب هیچ هێزێکی بیانی لە ئەفغانستان نەمێنن.