سەرەڕای جەنگی ئۆکراینا لە کیێڤ رێژەی هاوسەرگیری زیادیکردووە

رووداو - کیێڤ

هەرچەندە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە شەڕ لە ئۆکراینا بەردەوامە، ژیان لەو وڵاتە و لە ناوچەکانی دوور لە شەڕ وردە وردە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا لایەنێکی دیکەی ژیانی ئاساییتان بۆ باس دەکات، کە لەوێ ئامارەکانی هاوسەرگیری لە چاو ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە. 
 
سەربازێکی بەرەی پێشەوەی شەڕی باخمووت داوی 11 مانگ لە برینداربوونی، لەگەڵ خۆشەویستەکەی هاتووە تاوەکو ژیانی هاوژینی پێکبهێنن.
 
بۆگان مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە کاتی هاتنی هێزەکانی رووسیا خۆی لە باڵەخانەیەک لە شاری باخمووت فڕێدەداتە خوارەوە و هەردوو قاچی لە چوارلاوە دەشکێت.
 
کاترینا پۆشێلوجنی، دەزگیرانداری بۆگانە و دەڵێت، "مانگێک پێش ئێستا پێشنیازی پێدام و بڕیارماندا لە رۆژی لەدایکبوونمدا [هاوسەرگیری] ئەنجامبدەین." 
 
بۆگان پۆشێلونجی دەڵێت، "پلانمان بۆ داهاتوو ئەوەیە کە خانووەک دروست بکەین، دڵخۆش بین و منداڵەکانمان گەورە بکەین." 
 
دیمیترۆ سەربازێکی دیکەی بەرەی شەڕە لە هەرێمی دۆنێتسک، ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک ئیلۆنا وەکو خۆبەش دەچێتە نەخۆشخانەیەک لە بەرەی شەڕ، یەک دەناسن. دیمیترۆ سێ هەفتەیە گەڕاوەتەوە کیێڤ و پێنج رۆژی دیکە دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی، ئەوان ئەم پشووەیان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بەدەرفەتی باش زانیوە. 
 
دیمیترۆ کورۆڤسکی، سەربازی ئۆکراینییە و دەڵێت، "ئێمە نامانەوێت ئێستا ئاهەنگێکی گەورە بگێڕین تەنیا دەمانەوێت شتێکی بچووک بکەین". ئیلۆنا دراگۆمیرێتساکی هاوژینیشی دەڵێت، "بەڵێ تەنیا ئاهەنگێکی بچووک لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانمان."
دیمیترۆ دەڵێت، "بەڵام ئەمەش دوای شەڕ دەکەین، چونکە من دەبێت بگەڕێمەوە بەرەی شەڕ، کاتێک هەموو شتێک ئارام و باش بوو رێکی دەخەین." 
 
لە سنووری پارێزگای کیێڤ 12 سەنتەر بۆ تۆمارکردنی ناوی هاوسەرگیری هەن، بە پێی ئامارەکانی یەکێک لە سەنتەرەکان، لە حەوت مانگی ساڵی رابردوو 999 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووە هەزار و 300 کەس.
 
ڤیکتۆریا جوک، جێگری سەرۆکی سەنتەرێکی تۆمارکردنی ناوی هاوسەرگیرییە و دەڵێت، "زۆرترین ئامارمان بۆ پێش دەستپێکی شەڕ دەگەڕێتەوە، بەڵام کاتێک شەڕ دەستی پێکرد ژمارەکان زۆر کەمی کرد، ئێستا ئامارەکان زۆر باشترن لە ساڵی پار و دەستپێکی شەڕ. لە دەستپێکی شەڕەوە پاش سێ هەفتە لە داخستنی سەنتەر دەستمان بە کارکردەوە، ئەوکات تەنیا هاوژینەکان دەهاتن بە بێ هیچ میوانێک ئێستا هەموو شت باشترە." 
 
دوای ساڵ و نیوێک لەشەر، دۆخی شاری کیێڤ ئاسایی بووەتەوە، رۆژانە خەڵک بە چوونە دەرەوە و بەشداریکردن لە ئاهەنگ و کۆنسێرتە جیاوازەکان هەوڵدەدەن ژیانێکی نۆڕماڵ بەڕێ بکەن.