بەربژێری سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا: بە رێزەوە کار لەگەڵ ماکرۆن دەکەم بەڵام سازش ناکەم

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی کە پارتەکەی زۆترین دەنگی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی فەرەنسادا بەدەستهێنا، جۆردن باردێلا، سەرۆکی پارتی راستڕۆی توندڕۆی بەرەی نیشتمانی، رایگەیاند، دەیەوێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی "هەموو فەرەنسییەکان".
 
باردێلا گوتیشی دەیەوێت بە "رێزەوە" و بە گوێرەی دەستوور پێکەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی کاربکات. 
 
سەرکردە راستڕۆ توندڕۆکە هەروەها بە لایەنگرانی راگەیاند: "خەڵکی فەرەنسا بەدەم بانگەوازی دەنگدانەوە هاتن و زۆترین رێژەی بەشداریی 40 ساڵی رابردوویان تۆمارکرد."
 
خەمڵاندنی سەرەتایی پێشانیدەدات کە رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانەکەدا 65.5٪ بووە کە ئەمە یەکەمین جارە دوای 40 ساڵ بگاتە ئەو ئاستە. 
 
باردێلا گوتی: "بەدەمەوەهاتنەکە بێوێنە و وەڵامەکەش روونە، دەنگیان بە گۆڕانکاری دا. روونە کە وازیان لەو زۆرینەیە هێناوە کە سەرۆک هەیبوو."
 
باردێلا کێیە؟
 
ئەم گەنجە تەمەن 28 ساڵانە کە بە رووی هەموواندا زەردەخەنە دەکات و سێڵفییان لەگەڵدا دەگرێت، چاوی لەوەیە ببێتە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا. بە فەرەنسی ناوەکەی بە "ژۆغدان باغدێلا" دەخوێندرێتەوە. 
 
لە دایکبووی 13ـی ئەیلوولی 1995ـە و لە تشرینی دووەمی 2022ـەوە، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانییە، ئەو پارتە راستڕۆ تووندڕۆیەی کە پێشبینی دەکرێت زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت.
 
باردێلا لە تەممووزی 2019ـەوە تا ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپایە، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی پارت، لە 2019 تا 2022 جێگری سەرۆکی پارتەکەی بووە.
 
لە 2018 تا 2021، پۆستێکی دیکەی هەبووە، وەک بەڕێوەبەری رێکخراوی لاوانی وڵات کە سەر بە پارتی بەرەی نیشتمانییە.
 
هەروەها لە 2017 تا 2019 گوتەبێژی پارتی بەرەی نیشتمانی بووە و لە ساڵی 2015ـەشەوە ئەندامی ئەنجوومەنی هەرێمی ئیلێ دو فغانسە. 
 
باردێلا لە ساڵی 2020ـەوە لەگەڵ خوشکەزایێکی ماری لوپێندا لە پەیوەندیی خۆشەویستیدایە، کچەکە ناوی نلوێن ئۆلیڤیێ-یە. هەر ئەوەش بوو کە وایکرد، رەخنە لە پارتەکەی لوپێن بگیرێت بەوەی بە خزمخزمێنە باردێلای هێناوەتە پێشەوە و کارئاسانی بۆ کردووە تا ببێتە سەرۆکی پارتەکە و ئێستاش بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
 
باردێلا و خۆشەویستەکەی بە فەرمی ژیانی هاوژینییان پێکنەهێناوە. 
 
لە قوتابخانەی ئامادەیی، لە بواری ئابووری و زانستە رامیارییەکان خوێندوویەتی، دوای ئەوە بۆ ماوەیەک لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس لە بەشی جوگرافیا خوێندوویەتی، بەڵام دواتر زانکۆی جێهشتووە بۆ ئەوەی لە سیاسەتدا کار بکات.