هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنسا؛ تائێستا رێژەی بەشداری نزیکەی 60٪ـە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ملیۆنان فەرەنسی لە هەڵبژاردنێکی گرنگدا دەنگدەدەن، کە چاوەڕواندەکرێت، لە ئەنجامی ئەم دەنگدانەدا، بۆ یەکەمین جار لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پارتێکی راستڕۆی توندڕۆ بێتە سەر دەسەڵات کە دژی کۆچبەرانە و پێیوایە خەریکە ئیسلام فەرەنسا و ئەورووپا داگیردەکات.
48 ملیۆن و 752 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆئەوەی 577 ئەندامی پێنج ساڵی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسا هەڵبژێرن.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، تاوەکو کاژێر 5:00ی ئێوارە بە کاتی پاریس، واتە 6:00ی ئێوارە بەکاتی هەولێر، رێژەی بەشداریکردن 59.39 بووە. واتە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی 2022، رێژەکە 20 خاڵ زیادیکردووە.
کاژێر 8:00ی ئێوارە بە کاتی پاریس، واتە 9:00ی شەو بە کاتی هەولێر، کاتی دەنگدان کۆتایی دێت.
لە هەر بازنەیەکدا، ئەگەر هیچ بەربژێرێک سەرووی 50%ی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ و ئەوانەشی کە زیاتر لە 12.5%ی دەنگیان بەدەستهێناوە، دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، کە 7ی تەممووز دەکرێت.
تاوەکو گەڕی دووەمیش نەکرێت، یەکلانابێتەوە کە هەر پارتێک چەند کورسیی لە پەرلەمانی داهاتوودا دەبێت.
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆمار، وڵاتەکەی تووشی سەرسوڕمان کرد کاتێک داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، دوای ئەوەی کە پارتی راستڕۆی توندڕۆی بەرەی نیشتمانی کە ماری لوپێن سەرکردایەتیی دەکات، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپادا زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا.
لە کاتێکدا جەنگی رووسیا دژی ئۆکراینا لە ساڵی سێیەمیدایە و نرخی خۆراک و وزە بەرزتربووەتەوە، جەماوەری ئەو پارتانەی دژە کۆچبەرن و حەزدەکەن فەرەنسا کەمتر پابەندی بڕیارە ئەورووپییەکان بێت، زیاد بووە.
پارتی بەرەی نیشتمانی بە سەرکردایەتی ماری لوپێن، لە پاڵ ئەوەی کە دژە کۆچبەرە، دژی ئەوەشە فەرەنسا رۆڵی زیاتری لە یارمەتیدانی ئۆکراینادا هەبێت. پێچەوانەی ماکرۆن، پێیوایە نابێت هەرگیز فەرەنسا سەرباز بنێرێت بۆ ئۆکراینا، هەروەها نابێت چەکی دوورمەوداشی پێ بدات تاوەکو پێی هێرش بکاتە سەر قووڵایی خاکی رووسیا.
لەبەر ئەوەی ئەم دەنگدانە بە چارەنووسساز بۆ فەرەنسا دادەنرێت، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران دەڵێن، ناتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە و دەچن دەنگ دەدەن، شارەزایانی سیاسیش پێشبینی دەکەن زۆترین رێژەی بەشداریکردن تۆماربکرێت.
لە باشووری فەرەنسا رۆهەڵاتی وڵاتەکە، هاووڵاتییەک بە ناوی نەبیل ئاجوێنی گوتی، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپادا دەنگی نەدا، بەڵام لە دەنگدانەکەی ئەمڕۆدا بەشداربوو. تەمەن 40 ساڵانەکە گوتی: "لەبەر ئەوەی دەرفەتی هەڵبژاردنمان هەیە، باشترە بچین و دەنگ بدەین."
"بەردەوامبوون لە شەڕکردن"
لە شاری بۆردووی باشووری رۆژئاوای فەرەنسا، رۆزان لێبورنی 40 ساڵان، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: "چیدیکە وڵاتەکەمان ناناسمەوە. پێویستە بەردەوامبین لە شەڕکردن لە پێناو ئەو شتەی کە بڕوامان پێی هەیە و لە پێناو ئەو شتەی کە بۆ فەرەنسا دەمانەوێت."