لە یەمەن کۆرۆنا گۆڕانکاریی بەسەر زەماوەنددا دەهێنێت

 
 
رووداو - یەمەن

زەماوەند لای یەمەنییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە هۆڵەکان بەتەواویی داخراون وەک رێکارێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەوەیش وایکردووە هەندێک کەس بە رێگە و شێوازی تایبەت زەماوەند سازبکەن. 
 
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگەی لە خەڵک نەگرتووە کە زەماوەند بکەن. گەنجێک دوای ئەوەی دەسەڵاتداران رێگرییان لێکرد لە شار زەماوەند بکات، رووی کردە گوندێکی دوورە دەستی پارێزگای زەمار لە ناوەڕاستی یەمەن، ئەوەیش لە چوارچێوەیەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا بوو.
 
بەدران، زاوایە و دەڵێت، "هاتووین ئاهەنگی خۆشیمان لە گوند بگێڕین. دوای ئەوەی ماوەیەک بوو بەرنامەمان دانابوو، هاتووینە گوند، چونکە ناتوانین لە شار ئاهەنگ بگێڕین".  
 
کەشوهەوای دەربڕینی خۆشی بۆ برادەرانی زاوا جیاوازتر نییە لەسەردەمی پێش کۆرۆنا. بەمەبەستی پیرۆزباییکردن بەبێ هیچ خۆپارێزییەک و بەپێی دابونەریتی خۆیان پێشوازی لە میوانان و بەشداربووان دەکات، چونکە پێیوایە ڤایرۆسەکە نەگەیشتووەتە ئێرە بەهۆی دووریی ناوچەکەیان لە شارەوە.
 
بەدران باس لەوە دەکات، "لێرە هەر وەک بینیتان هیچ مەترسییەک نییە لەبارەی گومان یاخود تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. پشتیوان بە خوا ناشبێت، چونکە ئەم ناوچەیە دوورە لە شارەوە".
 
کەڕار ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتییە و دەڵێت، "زۆربەی گەنجان بە ترسەوە لەو بابەتە دەڕوانن، رەنگە نەخۆشییەکە درێژە بکێشێت و پێویستە لەگەڵیدا هەڵبکەیت، بۆیە هاوژینی پێکدەهێنن. بابەتێکی دیکە هەیە کە گرنگترە وایکردووە بچنە  نێو پرۆسەکە ئەوەیە کە ئەو پرۆسەیە تێچووی ماددیی زۆری دەوێت". 
 
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام لێرە جیاوازیی هەیە. بەشێک لە گەنجان ئەو دۆخە بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی بچنە نێو پرۆسەی هاوژینیی دوور لە بارگرانی و تێچووی زۆری پرۆسەکە کە دابونەریتی یەمەنییەکان سەپاندوویەتی.