خوێندکارێکی کورد لەگەڵ تیمی عێراق لە پێشبڕکێیەکی جیهانیدا پلەی دووەم بەدەستدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پێشبڕکێی جیهانیی ICT هواوی کە لە بنکەی سەرەکیی هواوی لە شاری شنژنی چین لە 25 ئایار بەڕێوەچوو، تیمی عێراق کە لە 3 خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی پرۆگرامسازی پێکهاتبوون، لەسەر ئاستی 146 تیم کە لە 36 وڵاتەوە بەشدارییان کردبوو، پلەی دووەمیان بەدەستهێنا.
ئەو کەسانەی بەشدارییان لە پێشبڕكێکەدا کردبوو، محەممەد زێوەر لە زانکۆی سەڵاحەددین، محەممەد یاسر لە زانکۆی ئەنبار، سەدیم وامید لە زانکۆی موسڵ بوون بە یاوەریی ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی سەڵاحەددین.
ماردین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی سەلاحەددین بە رووداوی گوت، "خوێندکارەکان ماوەی 8 کاژێر تاقیکردنەوەیان لە سێ بواردا ئەنجامداوە کە بریتین لە سایبەر سیکویریتی، تۆڕەکانی کۆمپیوتەر و تۆڕەکانی وایەرلێس و لەسەر ئاستی جیهان پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە و بڕوانامە و مەدالیای کۆمپانیای هواوییان وەرگرت."
ماردین عەبدوڵڵا گوتیشی، "ئەم بڕوانامەیە دەبێتە هاوکارێک بۆ خوێندکارەکان تاوەکو بتوانن لە کۆمپانیای تەکنەلۆژییە گەورەکانی جیهان کاربکەن."
پێشبڕکێی ICT هواوی لە ساڵی 2015ـەوە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 580 هەزار خوێندکار لە 85 وڵات و ناوچەی جیهان بەشدارییان تێیدا کردووە، ئێستا کۆمپانیای هواوی هاوئاهەنگی لەگەڵ 2200 زانکۆ کردووە بۆ دروستکردنی ئەکادیمیای ICT هواوی و راهێنانی زیاتر لە 200 هەزار خوێندکار ساڵانە بۆ ئەم پێشبڕکێیە. عێراق سێیەمین ساڵە بەشداریی پێشبڕکێکە دەکات.