ئەمریکا: سوپای ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین پێشێلکاریی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پێش جەنگی غەززە، پێنج یەکینەی سوپای ئیسرائیل پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤیان لە دژی فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاوا کردووە.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئیسرائیل رێکاری لە بەرامبەر چوار لەو یەکینانە گرتووەتەبەر، بۆیە ئەگەری سەپاندنی سزای ئەمریکا بەسەریاندا کەمبووەتەوە، لەبارەی یەکینەی پێنجەمیش گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە.
بەڵام روونی نەکردەوە رێکارەکانی ئیسرائیل چی بوون یان ئەو یەکینانە کامانەن.
بەرپرسێکی ئەمریکی، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاشکرای کردووە، یەکینەی پێنجەم سەر بە هێزی وشکانیی ئیسرائیلە.
راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بە بەتالیۆنی نەتساح یەهوودا دەکەن، گوایە زۆرترین پێشێلکاریی کردووە. هێزەکە لە جووە ئۆرسۆدۆکسە تووندڕۆکان پێکدێت، 1000 سەربازی هەیە و لە ساڵی 2022ەوە لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین جێگیر کراوە، ئەو ناوچە فەلەستینییەی کە لە ساڵی 1967ـەوە داگیر کراوە.
پاتێل گوتی، "دوای پرۆسەیەکی هۆشیارانە، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە پێنج یەکینەی سوپای ئیسرائیل چەند پێشێلکارییەکی گەورەی مافی مرۆڤیان کردووە."
بە گوتەی پاتێل، هەموو ئەو پێشێلکاریانە پێش هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە روویانداوە.
گوتەبێژەکە گوتیشی، "پێنج لەو یەکینانە، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو پێشێلکارییانەیان راستکردووەتەوە، کە هەر ئەوەش لە هاوبەشەکان چاوەڕوان دەکەین و ئەو شتەیە کە لە هەموو ئەو وڵاتانە چاوەڕێ دەکەین کە دەمانەوێت پەیوەندییەکی سەقامگیرمان لەگەڵیاندا هەبێت."
پاتێل باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل "زانیاریی زیاتری" لەبارەی یەکینەی پێنجەم داوە.
بەپێی یاساکانی ئەمریکا، حکومەت ناتوانێت پارە یان چەک بەو هێزە ئەمنییە بیانییانە بدات، کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن.
ئەمریکا پشتیوانی دەداتە سوپای هاوپەیمانەکانی لە سەرانسەری جیهان، بە ئیسرائیلیشەوە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کاردانەوەی تووندی بەرامبەر ئەگەری سەپاندنی سزای ئەمریکا بەسەر یەکینەیەکی سوپای ئیسرائیلدا پێشانداوە. نەتەنیاهوو پێیوایە نابێت سوپاکەی سزا بدرێت، چونکە لە جەنگدایە.
پاتێل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا بەردەوامە لە هەڵسەنگاندن بۆ یەکینەی پێنجەم و هێشتا بڕیاری نەداوە لە یارمەتیی ئەمریکا بێبەشی بکات.
ئەم دۆسیەیە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی لەژێر گوشاری گەورەدان بۆئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات لە بەرامبەر کوشتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل لە کەرتی غەززە، کە راپۆرتدەری سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جینۆساید ناوی دەبات.
ئەم ساڵ کە هەڵبژاردنێک لەپێش بایدنە، تاوەکو دێت خەڵکێکی زیاتری ئەمریکا داوا دەکەن پێدانی یارمەتی بە ئیسرائیل ببەسترێتەوە بە مەرجی پاراستنی خەڵکی سڤیلی فەلەستینی و لە سەرانسەری زانکۆ و کۆلێژەکانی ئەمریکاش خوێندکاران دژی یارمەتیدانی ئیسرائیل خۆپێشاندان دەکەن.
هێرشەکانی ئیسرائیل زۆربەی کەرتی غەززەیان کردووەتە وێرانە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 34 هەزار و 535 کەس بەو هۆیەوە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
لە هێرشەکەی حەماسیشدا لە 7ی تشرینی یەکەم، نزیکەی هەزار و 170 کەس کوژران، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.