لە ئەفغانستان هێرش کرایە سەر مزگەوتێک و شەش کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، چەکدارێک لە پارێزگای هیراتی رۆژئاوای ئەو وڵاتە هێرشی کردووەتە سەر مزگەوتێک و لانیکەم شەش کەسی کوشتووە.
عەبدولمەتین قانی، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان گوتی، دەوروبەری کاژێر 9:00ی شەوی رابردوو بەکاتی نێوخۆی وڵاتەکە (07:30ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر)، لە ناوچەی گوزارای پارێزگای هیرات، "چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لە نوێژخوێنانی سڤیل کرد لە مزگەوتێک."
وەزیرەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "شەش کەسی سڤیل شەهید کران و یەکێکی دیکەش برینداربوو."
هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
شاری هیرات کە بەشێکی دانیشتووانی شيعە مەزهەبن، لە رابردوودا کەوتووەتە بەر چەندین هێرشی داعشی خوراسان بۆ سەر مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی دیکە.
دوای ئەوەی لە ئابی 2021 گەڕایەوە سەر دەسەڵات، تاڵیبان بەڵێنیدا پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بپارێزێت.
خراپترین هێرشی داعش دوای گەڕانەوەی تاڵیبان، لەساڵی 2022 بوو کاتێک کە 53 کەس کە 46یان ژن و کچی گەنج بوون، لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە ناوەندێکی خوێندن کوژران.
بەرپرسانی تاڵیبان هێرشەکەیان خستە ئەستۆی داعش؛ ئەو هێرشەش لە گەڕەکێکی شيعەنشینی کابوولی پایتەخت بوو.
بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن، داعشیان لە ئەفغانستان نەهێشتووە و رێگە نادەن گرووپە پەڕگیرەکە هیچ پەناگەیەکی لە وڵاتەکەیاندا هەبێت.
راپۆرتێکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان کانوونی دووەمی ئەم ساڵ گوتی، بەهۆی "هەوڵەکانی تاڵیبان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" هێرشەکانی داعش کەمبوونەتەوە، بەڵام داعش هێشتا ژمارەیەکی "بەرچاو"ی ئەندامی لە وڵاتەکەدا هەیە و "دەتوانێت هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەش دروستبکات."