خەڵاتی رۆژنامەڤانی درەم درایە ئەو پەیامنێرەی چارەنووسی ژنە تورکمانە رفێندراوەکانی ئاشکراکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوعادەت ساڵحی، رۆژنامەڤانی ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای خەڵاتی باشترین رۆژنامەڤانی ساڵی درەمی بردەوە و پیتەر ئۆبۆرنیش خەڵاتی باشترین گوتاری شرۆڤەکاریی درەمی بردەوە.
رۆژی هەینی 29-4-2022 خەڵاتەکانی درەم لە بواری میدیای ئۆنلایندا دابەشکران. خەڵاتەکانی درەم دەدرێنە باشترین کار، کۆمپانیا و خەڵک لە نێو کەرتی بەبازاڕکردن و پیشەسازیی گەیاندندا؛ دامەزراوە میدیاییەکە لە گلاسگۆ، لەندەن، نیویۆرک و سینگاپوور نووسینگەی هەیە.
سوعادەت ساڵحی، خانمە پەیامنێری میدڵ ئیست ئای لە عێراق لە بەرامبەر راپۆرتە بنکۆڵکارییەکانی لەبارەی چارەنووسی ئەو ژنە تورکمانە شيعانەی لە ساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە رفێندرابوون، خەڵاتی باشترین رۆژنامەڤانی ساڵی دامەزراوەکەی پێدرا.
لە راپۆرتەکانیدا، پەیامنێرەکە بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە ناوی زۆرینەی ئەو ژنانە وەکو بێسەروشوێنبوو تۆمارنەکراوە و هیچ هەوڵێک لە لایەن حکومەتەوە بۆ دۆزینەوەیان نەدراوە.
لەڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی و بە سوودوەرگرتن لە راپۆرتە هەواڵگرییەکانی عێراق، سوعادەت بەوە گەیشت کە ژمارەیەکی زۆری ژنە تورکمانەکان زیندوون و لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیان.
سوعادەت ساڵحی دەڵێت: "بردنەوەی ئەم خەڵاتە واتایەکی گەورەی بۆ من هەیە. ئەمە واتەی ئەوە دەگەیێنێت کە هێشتا جیهان حەزی ئەوەی تێدا ماوە بزانێت لە هەندێ لە ناوچە لەبیرکراوەکان لە ئەنجامی جەنگ و ململانێ چی روودەدات."
پیتەر ئۆبرۆن، گوشەنووسی میدڵ ئیست ئایش لە بەرامبەر شرۆڤە و تێڕوانینە رەخنەییەکانی بۆ کارەکانی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و کابینەکەی، خەڵاتی باشترین گوتاری شرۆڤەکاری درەمی پێدرا.