بلینکن داوا لە جەزائیر دەکات لە بارەی رووسیا دوو جار بیربکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە، کۆتایی بە گەشتەکەی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا هێنا. لە کۆتایی گەشتەکەیدا لە جەزائیری پایتەختی جەزائیر، داوای لەو وڵاتە کرد، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ رووسیا سنووردار و لەگەڵ مەغریبی دراوسێشیدا باشتریان بکات.
بلینکن گوتی "وڵاتانی باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی لێکەوتەکانی هەڵمەتە سەربازییەکانی رووسیا بوونەتەوە،" هەروەها باسی لە دەستوەردانی سەربازیی رووسیا لە سووریا و لیبیا کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کاریگەریی گەورەی خستووەتە سەر ئاسایشی وزە و خۆراک.
بلینکن لەو بارەیەوە گوتی، "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار لەسەر رووسیا زیاد بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جەنگە بێپاساو و ناڕەوایە بێنێت."
عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆکی جەزائیر لە رابردوودا رووسیای وەکو "وڵاتێکی برایانە" ناوبردووە، هەروەها گوشاریشی خستووەتە سەر مەغریبی دراوسێی بۆ ئەوەی دەستبەرداری خاکی بیابانی رۆژئاوا بێت، کە جەزائیر پاڵپشتی لە چەکدارە سەربەخۆییخوازەکانی دەکات.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ تەبوون، بلینکن گوتی پێویستە ململانێی ئۆکراینا وا لە هەموو وڵاتان بکات دووبارە چاو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیادا بخشێننەوە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەروەریی وڵاتانی دیکە دەرببڕن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "هەندێجار پرسێک دێتە پێش کە زۆر بە روونی رەش و سپییەکانی دیارە. گرنگە کە ئێمە پشتی قوربانیان بگرین و ئەو بنەمایانە سەربخەین کە پێشێلکراون."
لەوەتەی وەرگرتنی سەربەخۆیی لە فەرەنسا لە ساڵی 1962ـەوە، جەزائیر پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ رووسیادا هەبووە و یەکێکە لە هاوردەکارە هەرە گەورەکانی چەکی رووسی.
لە هەمان کاتیشدا کەوتووەتە نێو ناکۆکیێکی سەخت لەگەڵ مەغریب لەسەر ناوچەی بیابانی رۆژئاوا، کە پێشتر لە ژێر داگیرکاریی ئیسپانیادا بوو. مەغریب پلانێکی داناوە، کە ناوچەکە کۆنتڕۆڵبکات و بیکاتە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ، بەڵام جەزائیر پلانەکەی بەدڵ نییە.
جەزائیر هیچ راگەیێندراوێکی دەستبەجێی لە بارەی هەڵوێستی سەرۆکەکەی بڵاونەکردەوە.
بلینکن و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا ستایشی پلانەکەی مەغریبیان کردووە و بە پلانێکی "رژد، کردەیی و رەوا" ناویانبردووە، بەڵام بەشێوەیەکی ئاشکرا وەکو نەخشەڕێی چارەسەرکردنی پرسەکە پشتگیرییان لێ نەکردووە.
پێشتر هەر لەم مانگەدا، لە کاردانەوەیەکی توونددا، جەزائیر باڵیۆزی خۆی لە ئیسپانیا بانگهێشتکردەوە، دوای ئەوەی کە ئیسپانیاش هەمان پلانی پێشنیاز کرد، کە پێچەوانەی هەڵوێستی پێشووی مەدرید بوو کە سەرەتا پێیوابوو وازنەهێنانی مەغریب لە بیابانی رۆژئاوا، داگیرکارییە.
بلینکن لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا لە جەزائیر گوتی ئەمریکا بە تەواوی پاڵپشتیی لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە دەکات. گوتیشی: "سەرنجمان لەسەر دیپلۆماسییە."