پێنتاگۆن بۆ رووداو: لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان وەڵامی هێرشەکەی ئوردن دەدەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە بارەی هێرشەکەی سەر هێزەکانیان لە ئوردن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا -پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند، "لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان وەڵاممان دەبێت،" گوتیشی، نایانەوێت لەگەڵ ئێران بکەونە جەنگەوە، "بەڵام لەوپەڕی ئامادەییداین."
هێرشە درۆنییەکە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، لە بنکەیەکی باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن، لە نزیک سێگۆشەی سنووریی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و سووریا، بووە هۆی کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی 40ی دیکە.
ئەمریکا هێرشەکە دەخاتە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و دەڵێت، وەڵامی تووندی بۆ دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن؛ سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: "وەڵاممان دەبێت، بەڵام لەو کاتەدا، کە هەستبکەین پێویستە وەڵاممان هەبێت."
لە بارەی ئەوەی کە ئایا سوپای پاسداران لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەدا دەکەنە ئامانج، سابرینا سینگ بە رووداوی گوت: "ئێمە ململانێیەکی فراونترمان لەگەڵ ئێراندا ناوێت، ئێمە جەنگمان لەگەڵ ئێران ناوێت،" بەڵام دووپاتیکردەوە کە ئەوانەی هێرشەکەیان کردووە "گرووپی بەوەکالەتی ئێرانن."
سینگ هۆشداری دا و گوتی: "ئێمە ململانێیەکی فراوانترمان ناوێت، بەڵام لەوپەڕی ئامادەییداین. لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان وەڵاممان دەبێت."
"وەڵامی یەکلاکەرەوە"
هەروەها جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی جیادا، جەختیکردەوە کە "وەڵامی یەکلاکەرەوەیان" بۆ هێرشەکە دەبێت.
هێرشەکە هەڵچوونێکی گەورەی گرژییەکان بوو لە نێوان ئەمریکا و ئەو گرووپە چەکدارانەی، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەو پێیەی کە یەکەمین هێرش بوو لە دوای جەنگی غەززەوە کوژرانی سەربازی ئەمریکای لێ بکەوێتەوە، کە ئەوەش مەترسیی بەرفراوانبوونی ململانێکەی زیاتر کرد.
کێربی گوتی: "ئێمە بە دوای جەنگەوە نین لەگەڵ ئێران،" بەڵام جەختیکردەوە کە هێرشەکە "گرژییەکانی زیادکرد،" و گوتیشی: "بە هەڵەدا مەڕۆن، پێویستی بە وەڵامدانەوەیە."
ئەم قسانەی کێربی دوای ئەوە هاتن کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاساییشی نیشتمانیی وڵاتەکەیدا کۆبووەوە، لە نێویاندا لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری و جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی.
ئێران تۆمەتەکانی ئەمریکای رەتکردەوە بەوەی لە پشت ئەو هێرشەوە بووبێت کە بنکەی تاوەر 22ی بەئامانجکرد.
کێربی پشتر بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "وەڵامی ئەمریکا پڕ بە پێست دەبێت،" بەڵام هیچ ئاماژەیەکی لەسەر بژارەکانی بەردەم بایدنەوە بەدەستەوەدا نەدا، لەوانەش کە ئایا هێرش دەکرێتە سەر ئامانجەکانی نێو ئێران یان نا.
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رۆژی دووشەممە جارێکی دیکە کرانەوە ئامانج، ئەم جارە بە مووشەک لە سووریا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، ئەمە وەک بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا باسی کردووە.
بە گوێرەی هەمان بەرپرس، لە 17ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لانیکەم 165 جار کەوتوونە بەر هێرش، لەوانەش 66 جار لە عێراق، 98 جار لە سووریا و جارێک لە ئوردن.
هێرشەکان لە رێگەی "درۆنی بۆمبڕێژ، رۆکێت، هاوەن و مووشەکی بالیستیی کورتمەودا" کراون.
بە گوتەی سینگ، لەو هێرشانەدا 80 سەربازی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون، جیا لەو 40 سەربازەی لە ئوردن بریندار بوون، کە هەشتیان پێویستیان بەوە بوو لە ئوردن بگوزرێنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری پێشکەوتوو وەرگرن.
هێرشەکە شوێنی مانەوەی سەربازەکانی بەئامانجکردووە
سابرینا سینگ گوتی، درۆنەکە بەر شوێنی مانەوە و نووستنی سەربازەکان لە نێو بنکەکەدا کەوتووە و سەربازەکان "لەنێو جێگەی خەوتندا بوون کاتێک کە درۆنەکە تەقیوەتەوە."
رۆژی دووشەممە، میدیای ئەمریکا لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوەوە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری ئەوەی کە بنکەکە نەیتوانیوە بەرپەرچی هێرشەکە بداتەوە، ئەوە بووە کە سەربازەکان سەریان لێ شێوابوو و نەیانزانیبوو ئایا ئەوە درۆنێکی ئەمریکییە دەگەڕێتەوە بنکەکە یان درۆنێکی دووژمنە.
سینگ ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردەوە و گوتی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە.
میدیای ئەمریکی لە رۆژی هێرشەکەدا بڵاویکردەوە، کە بەرپرسێک لەو گرووپەی کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، بەرپرسیارێتیی گرووپەکەی لە هێرشەکە دەربڕیوە. بەڵام گرووپەکە بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی رانەگەیاندووە.
لەو بارەیەوە، سینگ گوتی، هێرشەکە "شوێنپەنجەی کەتائیبی حیزبوڵڵا"ی پێوەیە، کە گرووپێکی چەکداری عێراقییە. پێنتاگۆن هێرشەکانی پێشووتریشی خستبوونە ئەستۆی هەمان گرووپ و گورزی کوشندەی لێ وەشاندووە.
عێراق، ئوردن، سعودیە، میسر و بەحرێن سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
گوتەبێژێکی حەماس رۆژێ یەکشەممە گوتبووی، هێرشەکەی ئوردن پەیامێکە بۆ واشنتن بەوەی کە بەردەوامبوونی جەنگی غەززە "مەترسیی تەقینەوەیەکی هەرێمیی هەیە."
بۆ بایدن کە ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لەپێشە، هەڵچوونی ئەم گرژیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاڵنگاریێکی جیدییە.
لەدوای هێرشەکەوە، کۆمارییەکان هەر زوو دەستیان بە گرتنی رەخنەی تووند لە بایدن کرد.
ئەم جەنگەی ئێستای نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیپێکرد کە هێزە فەلەستینییەکە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە؛ لەو رۆژەدا هەزار و 140 کەس کوژران، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
لە تۆڵەی ئەوەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتر هێرشی زەوینی کرد بۆ سەر کەرتی غەززە، کە بە گوتەی وەزارەتی تەندرووستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 26 هەزار و 637 کەس، کە دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.
ئەو هێرشانەی ئیسرائیل، لە تەواوی ناوچەکەدا تووڕەیی لێکەوتووەتەوە و گرووپەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا زیادکرد.