لاڤرۆڤ: دەسەڵاتدارانی سووریا داوایان نەکردووە رێککەوتنی تایبەت بە مانەوەمان لەو وڵاتە بگۆڕین
رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا داوایان لە مۆسکۆ نەکردووە پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکانی پەیوەست بە بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە وڵاتەکەیان بکەن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سپوتنیک، کە میدیایەکی هەواڵی فەرمیی رووسیایە، لاڤرۆڤ دەڵێت، سووریا "وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و مافی ئەوەی هەیە رێککەوتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا بکات یان هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئێمە ئاگادار نین دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا کار لەسەر سنووردارکردن یان پێداچوونەوەی ئەو کاروبارانە بکەن. رووسیاش هیچ داواکارییەکی لەو بارەیەوە پێ نەگەیشتووە."
بەگوتەی لاڤرۆڤ، هەموو ئەو رێککەوتنانەی لە سەردەمی ئەسەد لەنێوان مۆسکۆ و دیمەشق بۆ کردنەوەی بنکەی سەربازیی رووسیا واژۆکران، "مەرجی کارکردنی ئەو بنکانە و ئەرکی هەردوو لایان تێدایە."
وەزیری دەرەوەی رووسیا دان بەوەدا دەنێت، "گومانی تێدا نییە، هەر گۆڕانکارییەک لە دەسەڵات و دۆخەکەدا بکرێت، دەبێتە هۆی چەند گۆڕانکارییەکی دیاریکراو لە شێوازی مانەوەی سەربازانی رووسیا لە سووریا."
رووسیا لە ئەیلوولی ساڵی 2015 بە شێوەی سەربازی دەستوەردانی لە جەنگی نێوخۆی سووریادا کرد و لەبەرژەوەندیی بەشار ئەسەد رێڕەوی جەنگەکەی گۆڕی. سوپای ئەسەد بە پشتیوانیی رووسیا، ئێران و گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، توانی زۆربەی ناوچەکان لە دەستی گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی دەربهێنێت.
ئەم مانگە گرووپە چەکدارەکان بە هێرشیکی کتوپڕ هەموو شارەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئەسەدیان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا. لە کاتی هێرشەکەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا چەند جارێک ئەو گرووپە چەکدارانەیان بۆردوومانکردن کە ئێستا بوونەتە دەسەڵاتداری سووریا. هەروەها بەشار ئەسەد رایکرد بۆ مۆسکۆ.
لاڤرۆڤ دەڵێت "بابەتەکە تەنیا پاراستنی بنکە و بارەگاکانمان نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دۆخی کارکردن، چاککردنەوەیان و کارکردنە لەگەڵ لایەنی خۆجێیی. دەکرێت ئەم بابەتانە لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت."
رووسیا لە پارێزگەی تەڕتووسی رۆژئاوای سووریا بەندەرێکی سەربازی هەیە کە دەکەوێتە سەر دەریای نێوەڕاست و گەورەترینی ئەو وڵاتەیە لە دەرەوەی رووسیا؛ هەروەها بنکەیەکی ئاسمانی لە حمێمیم هەیە و بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا بەکاریدەهێنێت.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەربەستێکی لەسەر رێگەی بنکەی حمێمیم داناوە و رێگری لە رۆیشتن بۆ نێو و دەرەوەی بنکەکە دەکات.
رۆژی هەینی، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسیا لە زاری سەرچاوەیەکەوە باسی لەوە کرد، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا "پلانیان نییە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو رێککەوتنانە پێشێل بکەن، کە رێگە بە رووسیا دەدەن بنکە سەربازییەکانی لە پارێزگەکانی تەڕتووس و لازقیە بەکاربێنێت."
هەروەها رۆژی پێنجشەممە، لاڤرۆڤ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، رووسیا "گرنگی بە گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەدات و مۆسکۆ لەگەڵیان لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی سەلامەتیی هاووڵاتییانی رووسیا لە سووریا بپارێزرێت"؛ گوتیشی "باڵیۆزخانەکەمان لە دیمەشق بەشێوەیەکی ئاسایی کاری خۆی دەکات."
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ئیدارەی نوێی سووریا دوای رووخانی ئەسەد پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و رووسیای بە "درێژخایەن و ستراتیجی" ناوبرد. لاڤرۆڤ دەڵێت، لەوەدا لەگەڵ شەرع هاوڕایە.
یووری ئۆشاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی رووسیا بۆ سیاسەتی دەرەوە، رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، رووسیا لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و سەربازی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لەپەیوەندیدایە.