2023 ساڵی ئاشتی نەبوو، ملیۆنان کەس گیرۆدەی ئازار و مەینەتیی جەنگ بوون
رووداو دیجیتاڵ
2023 ساڵی ئاشتی نەبوو لە جیهان، دەنگی دەهۆڵی چەند جەنگێکی نوێ لە گوێی زەویدا زرنگایەوە. لە بیابانە سوورەوەبووەکانی سوودانەوە تاوەکو شاخە بەفراوییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ و گەڕەکەکانی غەززە، ملیۆنان کەس گیرۆدەی ئازار و مەینەتیی شەڕ و جەنگ بوون، ژیانیان لێ تاڵ کرا و خەونەکانیان بە با چوون.
لە سوودان، 15ی نیسانی 2023، پاوانخوازی و کێبڕکێی نێو سوپا لەسەر دەسەڵات و خێروبێری وڵات، سەری نا بۆ جەنگێکی خوێناوی. دۆستەکان بوونە دووژمن و براکان لوولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی یەکدی کرد.
هێزی وەڵامدانەوەی خێرا، بە سەرکردایەتی محەممەد حەمدان دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی لە سوپای وڵاتەکە هەڵگەڕایەوە.
سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان بە هەموو هێزییەوە دژی یاخیبوونەکە وەستایەوە.
لە خەرتوومەوە تا دارفوور، شەڕ کەوتە نێو کۆڵانەکان کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لانیکەم 9 هەزار کەس کوژراون و قەیرانێکی گەورەی مرۆیی دروستبووە؛ بە جۆرێک کە 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە نێوخۆی سوودان ئاوارە بوون.
1.2 ملیۆن کەسی دیکە پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دیکەی دراوسێ. هەروەها 25 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە ئێستا پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
محەممەد جەمال، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، "دۆخەکە تەنیا خراپتر دەبێت. دۆخی سوودان زۆر خراپە، بە تایبەتی کە دەڕۆی سەردانی کەمپ و ئەو ناوەندانە دەکەیت کە ئاوارەکان لێی دەمێننەوە. زۆر نیگەرانکەرە، چونکە 200 ملیۆن کەس لە سوودان ئاساییشی خۆراکیان تێکچووە. لەوە خراپتر ئەوەیە کە 6 ملیۆن کەس لە لێواری قاتوقڕیدان."
ململانێیەکی دیکەی هەرە دیاری ساڵ، لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ بوو لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.
30 ساڵ دوای کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ئەرمەنە جوداخوازەکانەوە، ئازەربایجان بە زەبری هێز، هەرێمەکەی کۆنترۆڵکردەوە.
هەرێمەکە زۆرینە ئەرمەن بوو، بەڵام لە بنەڕەتدا و بە دانپێدادانی نێودەوڵەتی بەشێک بوو لە ئازەربایجان.
19ی ئەیلوول، ئازەربایجان دەستی بە هێرشێکی کتوپڕ کرد، دوای چوار رۆژی پڕ لە هێرشی درۆن و تۆپباران، ئەرمەنەکان خۆیان بەدەستەوەدا.
ناوی کۆماری ئارتساخ کە ئەرمەنە جوداخوازەکان لە سنووری ناگۆرنۆ قەرەباخ دایان مەزراندبوو، لەسەر نەخشە سڕدرایەوە و جارێکی دیکە بووەوە بە بەشێک لە ئازەربایجان.
لەو شەڕەدا، 192 سەربازی ئازەربایجان و 200ی ئارتساخ کوژران. هەروەها 27 هاووڵاتیی سڤیلی ئەرمەنی و یەکێکی ئازەربایجان کوژران و زیاتر لە 100 هەزار ئەرمەنیی ناگۆرنۆ قەرەباخ ماڵ و حاڵیان جێهێشت و پەنایان بردە بەر ئەرمینیا.
خوێناویترین جەنگی ساڵ
خوێناویترین جەنگی ساڵ، جەنگی غەززە بوو، کە هێشتاش کۆتاییەکەی دیار نییە.
7ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەوەی ئیسرائیل پێشبینی نەدەکرد، روویدا. چەکدارانی حەماس لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل.
لەو رۆژەدا بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 139 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 240یش بە بارمتە گیران.
لە تۆڵەی ئەوەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتر ئۆپەراسیۆنی زەوینی کرد بۆ سەر کەرتی غەززە. هەر لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەم جەنگە کاتێکی زۆر دەخایێنێت. زەحمەت دەبێت. ئێمە رووبەڕووی رۆژانی سەخت دەبینەوە."
ئیسرائیل غەززەی کردە گۆمی خوێن.
بۆردوومانەکانی بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان گەیشتنە ئاستێکی هێندە تووند، کە تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی رەخنەیان لێ گرت و بە هێرشی کوێرانە ناویان بردن.
بەشێکی زۆری ناوچە فەلەستینییەکە تەختی زەوی کرا. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 20 هەزار و 670 کەس کوژراون کە لانیکەم 8 هەزار و 200یان منداڵ و 6 هەزار و 200ی دیکەیان ژنن.
هەروەها سەرووی 54 هەزار و 530 کەسی دیکەش برینداربوون کە لانیکەم 8 هەزار و 663 منداڵ و 6 هەزار و 327ی دیکەیان ژنن.
7 هەزار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. هەروەها 1.8 ملیۆن کەس ئاوارە بوون و لە ژێر گەمارۆیێکی تونددا، پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە.
هەروەها جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2023 بەردەوام بوو، کە لە 24ی شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکردووە. شەڕەکە لە ساڵی 2023ـدا تا رادەیەک چەقیبەست و هیچ لایەنێک هیچ سنوورێکی بەرچاوی نوێی کۆنترۆڵ نەکرد.
شەڕەکە بە زۆری لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا مایەوە، بە دیاریکراوی لە لوهانسک و دۆنێتسک. هەردوولا بە شێوەیەکی گەورە، شەڕەکەیان دایە دەست درۆن و تۆپباران.
ئەفریقاش لە 2023 بێ کودەتا نەبوو. لە نەییجەر و گابۆن، سوپا لە حکومەت هەڵگەڕایەوە و فەرمانڕەوایی وڵاتەکانیان گرتەدەست.