ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا: رۆژئاوا بەم جۆرە مامەڵە بکات کۆتایی جیهان نزیکە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا دەڵێت، دەنگۆ هەیە وڵاتانی رۆژئاوا گڵۆپی سەوزیان بۆ ئۆکراینا هەڵکردبێت "بۆ هێرشکردنە سەر هەر شوێنێکی رووسیا. بۆ نموونە، کریمیا." ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەر ئەوە راست بێت، "بەداخەوە پێشبینییەکانی کۆتایی جیهان نزیک دەبنەوە."
دیمتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، "تاوانبارانی ئۆکراینی رایانگەیاندووە کە رێگەپێدانیان [لە رۆژئاوا] وەرگرتووە تاوەکو هێرش بکەنە سەر هەر شوێنێک لە رووسیا بیانەوێت. بۆ نموونە، کریمیا."
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا دەڵێت، "ئەگەر ئەمە راست بێت (هەرچەندە هیچ هۆکارێکیش نییە بۆ گومان)، کەواتە دەبێتە بەڵگەی بەشداریی رۆژئاوا لە جەنگی دژی رووسیادا."
بەرپرسە باڵاکەی رووسیا لەبارەی کاردانەوەی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئەو دەنگۆیە دەڵێت، هاندەرێکی گەورە و "هەلە بۆ رووسیا کە تەواوی توانا سەربازییەکەی دژی هەموو کەس و هەموو شت لەنێو وڵاتانی ناتۆدا بەکاربهێنێت." ئاماژە بەوەش دەکات، "خەمبارکەرە؛ بەداخەوە پێشبینییەکانی کۆتاییهاتنی جیهان نزیک دەبنەوە."
قسەکانی مێدڤێدێڤ دوای ئەوە هات، 24ی ئەم مانگە هێزەکانی ئۆکراینا رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان لە دوورگەی کریمیا ئەنجامداوە و "گورزی کەمەرشکێنیان" لە هێزەکانی رووسیا وەشاندووە.
بەگوێرەی ناوەندی هەواڵگریی ئۆکراینا، هێزە دەریاییەکانیان چوونەتە کەناراوەکانی کریمیا و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی رووسیا. ئۆکراینا دەڵێت، زیانی گیانی و مادیی زۆریان بە رووسیا گەیاندووە لەو هێرشەدا و توانیویانە ئاڵای ئۆکراینا لەو بنکە سەربازیانەدا هەڵبکەن کە هێرشیان کردوونەتە سەر.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەربازە ئۆکراینییەکان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە و بە پارێزراوی گەڕاونەتەوە.
رووسیا لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی راستەوخۆی بڵاونەکردەوە، بەڵام هەمان رۆژ بڵاویکردەوە، "کارێکی سیخوڕی و چاودێریکردنی ئۆکراینایان پووچەڵ کردووەتەوە."