بە بەشداریی 120 وڵات لە پورتوگال کۆنفرانسی ساڵانەی زەریاکان بەڕێوەدەچێت


رووداو - هەولێر

لەسەر جانتای دەستی سێ چالاکوانی ژینگە، بانگەواز بۆ پاراستنی ژیانی ماسیی نێو دەریا و زەریاکان دەکرێت. ئەوان داوا دەکەن، راوکردنی ماسی لە تەواوی جیهان بووەستێندرێت و کاری زیاتر بۆ کەمکردنەوەی دەردانی پاشەڕۆی مرۆڤ بۆ نێو سەرچاوە ئاوییەکان بکرێت، چونکە بە گوتەی ئەوان، مەترسیی زۆر گەورە لەسەر دەریا و زەریاکان درووستبووە.
 
رۆب هیگس، گوتەبێژی رێکخراوی پارێزگاریی زەریاکان دەڵێت: "پێویستە هەموو هەست بەو پێویستییە بکەین و کارێک بکەین خەڵک هەموو راستییەکان ببینن. دەریاکان خەریکە دەمرن، دەریاکان بمرن، ئێمەش دەمرین. پێویستە ئەم کارە بۆ پاراستنی خۆمان و هەروەها پاراستنی زەریاکانیش بکەین".
 
لە لیسبۆنی پایتەختی پورتوگال، لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی زەریا و دەریاکان بەڕێوەدەچێت و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشدارە. کۆنفرانسەکە پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و نوێنەرانی 120 وڵات تێیدا بەشدارن.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات: "خۆویستی. ئێمە کار لەسەر پاراستنی ژیانی بوونەوەری هەمەجۆری نێو زەریاکان دەکەین، بەڵام هێشتا هەندێک خەڵک هەن پێیانوایە ئاوە نێودەوڵەتییەکان موڵکی خۆیانە. زۆر گرنگە لەوە تێبگەین ئاوە نێودەوڵەتییەکان موڵکی هەموومانە، موڵکی هەموو وڵاتەکان و هەموو خەڵکی جیهانە".
 
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنفرانسەکە یارمەتیی پاراستنی زەریا و دەریا و سەرچاوەکانیان دەدات.
 
زەریاکان 70٪ـی تەواوی رووبەری زەوی پێکدەهێنن. 80٪ـی تەواوی بوونەوەرانی جیهان لەنێو زەریاکاندا دەژین. 50٪ـی ئۆکسجینی زەوی لە زەریاکاندا بەرهەمدێن و هەروەها 25٪ـی دوانەئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت. ئەرکی فێنککردنەوەی زەوی لە ئەستۆی زەریا و دەریاکانە و 90٪ـی گەرمی زەوی هەڵدەمژێت.
 
زۆربوونی ژمارەی کەشتییەکان، راوکردنی ماسی لەرادەبەدەر، گۆڕانی کەشوهەوا و دەردانی پاشماوەکان، چوار گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر زەریا و دەریاکان لە جیهان. ساڵانە لانیکەم 14 ملیۆن تۆن پلاستیک دەکرێتە نێو دەریا و زەریاکان لە تەواوی جیهان و 200 ملیۆن تۆن ماسیش راودەکرێت.