تەقینی بەنداوێک لە کینیا گیانلەدەستدانی 42 کەسی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین، ئەمڕۆ بەنداوێک لە کینیا تەقی و لانیکەم 42 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەنداوەکە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی مای ماهیووی رۆژئاوای وڵاتە ئەفریقییەکە. لێشاوی بەهێزی ئاوەکە، ژمارەیەک خانوو و رێگەیەکیشی لەگەڵ خۆی راماڵی.
تیمە فریاگوزارییەکان گەیشتنە شوێنی کارەساتە سرووشتییەکە بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە رزگار بکەن.
سوزان کیهیکا، پارێزگاری هەرێمی ناکورو رایگەیاند "42 کەس گیانیان لەدەستداوە. هێشتا خەڵكی زۆر لەنێو قوڕەکەدا ماون، سەرقاڵی دەرهێنانیانین."
وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ کاریگەریی سەختی لەسەر کینیا هەبووە. بە تەقینەوەی بەنداوەکە، کۆی گشتیی ئەوانەی لە مانگی ئاداراوە لە ئەنجامی رووداوی پەیوەندیدار بە کەشوهەواوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 120 کەس.
ئەمساڵ، بەهۆی دیاردەی ئێل نینیۆ، کە بریتییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی رووی زەریاکان، بارانبارینی بەخوڕ تەواوی رۆژهەڵاتی ئەفریقای گرتووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، خاچی سووری کینیا رایگەیاند؛ تەرمی دوو کەسیان دۆزیوەتەوە دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە بەلەمەکەیان لە رووبارێکی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەهۆی لافاوەوە وەرگەڕابوو. 23 کەسی دیکەی نێو بەلەمەکە رزگارکراون.
ڤیدیۆی ساتی سەراوژێربوونی بەلەمەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە نیشانیدەدات بەلەمە پڕ لە خەڵکەکە نزیکە ژێرئاوبکەوێت و خەڵکی نێوی هاوار دەکەن، خەڵکیش بە ترس و دڵەڕاوکێوە سەیریان دەکەن.
لافاوی کتوپڕ ژمارەیەک رێگە و گەڕەکی کینیای بە تەواوی داپۆشیوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا، بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەت، زیاتر لە 130 هەزار کەس 24 هەزار ماڵیان چۆڵکردووە، کە بەشی هەرە زۆریان خەڵکی نەیرووبیی پایتەختن.
قوتابخانەکان ناچاربوون بە داخراوی بمێننەوە دوای تەواوبوونی پشووی نیوەی ساڵ. رۆژی دووشەممە، وەزیری پەروەردەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ کردنەوەیان دوادەکەوێت.