کلینتن و ئۆباما پارە بۆ بایدن کۆدەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بە یارمەتی بیل کلینتن و باراک ئۆباما، کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بوون، جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ئەم ساڵ، توانی 25 ملیۆن دۆلار لە بۆنەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە نیویۆرک کۆبکاتەوە. 
 
بۆنەکە تایبەت بوو بە کۆکردنەوەی پارە بۆ بایدن کە لە هۆڵی رادیۆ سیتی میوزیک لە مانهاتن بەڕێوەچوو. 
 
تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن رایگەیاند، 25 ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە کە ئەوە بە گوتەی خۆیان، لە هەموو ئەو پارەیەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی شوباتدا کۆیکردوەتەوە، زیاترە.  
 
بۆنەکەی رۆژی پێنجشەممە، رواڵەتێکی هونەری هەبوو.
 
ژمارەیەک گۆرانیبێژ، لەنێویاندا کوین لەتیفە و لیزۆ، گۆرانییان بۆ ئامادەبووانی بۆنەکە گوت و دواتر بیل کلینتنی 42ـەمینی سەرۆک، باراک ئۆبامای 44ـەمین سەرۆک و جۆ بایدنی 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا پانێڵێکی پرسیار و وەڵامیان ئەنجامدا کە ستێفن کۆڵبەرتی پێشكێشکاری کۆمێدی پێشکێشی کرد.
 
لە گفتوگۆکەدا ژمارەیەک بابەتی جیدی تێکەڵ بە گاڵتە کران. 
 
ستیڤن چیونگ، گوتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە بۆنەکە گرت و گوتی بۆنەیەکی، "باقوبریقەداری پارە کۆکردنەوەیە لەگەڵ پشتیوانە دەستەبژێرە کۆنباوەکانیان."
 
بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان پێویستی بە بەدەستهێنانی پشتگیری 1215 نوێنەری ویلایەتەکان هەیە و ترەمپ پاڵپشتی 1686 نوێنەری بەدەستهێناوە. 
 
بەربژێری پارتی دیموکراتیش پێویستی بە پاڵپشتی 1968 نوێنەر هەیە و بایدن پاڵپشتی 2597 نوێنەری هەیە.