38 کۆچبەر لەسەر سنووری مەکسیک و ئەمریکا گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپێکی کۆچبەرانی باکووری مەکسیک، 38 کەس گیانیان لەدەستدا. ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی خۆپێشاندان و ناڕەزایی کۆچبەرەکانەوە بووە کە لە ئەمریکا دیپۆرتکراونەتەوە.
پەیمانگەی نیشتمانیی کۆچبەران لە مەکسیک رایگەیاند، بەگوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکان 38 کەس لە ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئاندرێس مانوێل لۆپێز، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند، ئاگرەکە لە 9:30 خولەکی شەو بەکاتی مەکسیک (6:30 خولەکی بەیانی بەکاتی هەولێر) لەلایەن چەند کۆچبەرێکەوە کراوەتەوە دوای ئەوەی زانیویانە دیپۆرت دەکرێنەوە.
مانوێل هیچ روونکردنەوەیەکی دیکەی لەو بارەیەوە نەدا کە بۆچی ئەو هەموو خەڵکە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها باسی لەوەکرد، زۆربەی کۆچبەرەکان خەڵکی ئەمریکای نێوەڕاست و ڤەنزوێلا بوون.
ئەمریکا و مەکسیک لە هەوڵدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێشاوی کۆچبەر کە هەوڵی پەڕینەوە بۆ نێو ئەمریکا دەدەن.
لە 2022دا 2 ملیۆن و 760 هەزار کۆچبەر لە ئەمریکای نێوەڕاست و باشوورەوە لە مەکسیکەوە پەڕیونەتەوە ئەمریکا.