ترەمپ داوا لە دادگەی باڵای ئەمریکا دەکات قەدەخەکردنی تیکتۆک بووەستێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ داوا لە دادگەی باڵای ئەمریکا دەکات کە تاوەکو لە 20 مانگی داهاتوودا دەسەڵات دەگرێتە دەست، قەدەخەکردنی تیکتۆک بووەستێنێت.
رۆژی هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، تیمی یاسایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا داواکارییەکییان پێشکێش بە دادگەی باڵای ئەمریکا کرد و تێیدا هاتووە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزیی ئەم دۆسیەیە، دادگە دەبێت رەچاوی درێژکردنەوەی دوایین وادە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بکات."
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا بە یەکێک لە دژبەرە سەختەکانی تۆڕە چینییەکە دادەنرا و دەیویست بە هۆکاری "بوونی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی" دایبخات.
زۆرینەی دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمریکا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەکرێت حکومەتی چین داتاکانی بەکارهێنەرانی تیکتۆک بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بڵاوکراوەکانی نێو تۆڕەکە دروست بکات.
بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانی ئەوەن کە تۆڕە چینییەکە لەنێو گەنجانی ئەمریکا زۆر بەربڵاوە و پێیان وایە کە کۆمپانیاکە لەلایەن بەرپرسانی پەکینەوە بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ناڕاست بەکاردەهێندرێت.
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا داوایکرد کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەت تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بکڕێت، دوای ئەوەش کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا چووە دەسەڵات، بە هەمان هۆکار واژۆی لەسەر قەدەخەکردنی تیکتۆک کرد.
ئێستا ترەمپ بۆچوونی لەبارەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکە گۆڕاوە و لەماوەی رابردوودا بە میدیای ئەمریکی گوت: "ئێستا کە بیر لەو بابەتە دەکەمەوە، پاڵپشتی لە تیکتۆک دەکەم، چونکە پێویستیمان بە کێبڕکێیە."
لە نیسانی ئەم ساڵدا سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژەبڕیارێک کرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە تێپەڕێندرابوو. یەکێک لە خاڵەکانی ئاماژە بە قەدەخەکردنی تیکتۆک دەکات ئەگەر ئەپەکە کە کۆمپانیای بایتدانسی چینی خاوەنیەتی، لە نۆ مانگدا پشکەکانی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەفرۆشێت.
تیکتۆک ئەوەی رەتکردووەتەوە و نیگەرانیی دەربڕی گوایە ئەمریکا ئەپێک قەدەخە دەکات کە دەبێتە هۆی قەدەخەکردنی ئازادیی رادەربڕین لە 170 ملیۆن ئەمریکی.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەمریکا 9 مانگ مۆڵەت دەداتە تیکتۆک پلاتفۆرمەکە بفرۆشێت یان ئەپەکە لە فرۆشگەکانی ئاپ ستۆر و گووگڵ پلەی لە ئەمریکا لادەبرێت، ئەگەری هەیە سێ مانگیشی بۆ درێژبکرێتەوە.
چاوەڕێ ناکرێت تیکتۆک بەو دۆخەی ئێستا کە هۆکاری سەرنجڕاکێشانی سەدان ملیۆن خەڵکە، پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت.