پارتی دەسەڵاتداری ئۆزبەکستان لە 150 کورسییەکەی پەرلەمان 64 کورسیی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی لیبراڵ دیموکراتی ئۆزبەکستان براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەو وڵاتە بوو.
رۆژی یەکشەممە 27-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو؛ 15 ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵاتەکە و 140 هەزار کەس لە دەرەوەی ئۆزبەکستان دەنگیان دا، رێژەی بەشداریکردنیش 72% بوو.
پێنج پارت رکابەرایەتییان لەسەر 150 کورسی پەرلەمان کرد؛ هەر پارتێک پێویستی بە 76 کورسییە بۆئەوەی ببێتە زۆرینە و حکومەت پێکبهێنێت.
لە هەڵبژاردنی وڵاتەکەدا بۆ یەکەمجار سیستمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی پەیڕەو کرا.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی لیبراڵ دیموکرات 64 کورسی، پارتی بووژانەوەی نەتەوەیی 29 کورسی، پارتی داد 21 کورسی، پارتی دیموکراسیی خەڵک 20 کورسی و پارتی ژینگە 16 کورسیان بردووەتەوە.
سەرجەم پارتەکان نزیک لە دەسەڵاتن و هیچ پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداری نەکرد.
(رێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەورووپا) چاودێریی هەڵبژاردنەکەی کرد و نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر شێوازی بەڕێوەچوونی دەربڕی.
رێکخراوەکە بڵاویکردەوە، "سەرەڕای چاکسازییە بەردەوامەکان، ئازادییە بنچینەییەکان سنووردارن"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداریی ژنان بەرزە.
شەوکەت میرزیۆڤ لە ساڵی 2016ەوە سەرۆکی وڵاتە و لەو کاتەوە چاکسازی لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووە، بەڵام تۆمەتی ئەوەیشی دەدرێتە پاڵ کە تاکڕەوە.