کۆچبەران باسی ساتی نقومبوونی دوو بەلەم دەکەن: 150 کەس خنکان

رووداو - هەولێر

دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دوو بەلەمی کۆچبەران کە نزیکەی 300 کۆچبەریان تێدابووە لە لیبیاوە و بەرەو ئیتاڵیا بەڕیدەکەوێت. دوای نزیکەی یەک کاژێر بەڕێکەوتن بەلەمەکان لە دەریای ناوەڕاست ژێرئاو دەکەون.

کۆچبەرێکی ئەریتێری دەڵێت "دوای نیوڕۆبوو لە لیبیا دەستمان بە رۆشتن بەرەو ئیتاڵیا کرد، کاتێک گەیشتینە ئەوێ، نزیکەی یەک کاژێر دواتر کەشتییەکە نقومبوو، زۆربەی کۆچبەرەکانیش نقومبوون''.

لەنێو کۆچبەرەکاندا منداڵ و ژن هەن و زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی ئەفریقان. بەگوتەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێو بەلەمەکاندا تەنیا 147 کەس رزگارکراون و نزیکەی 150 کەس خنکاون.

چارلی یاکسێلی، گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "گرووپێکی 300 کەس لەڕێگەی بەلەمێکەوە شاری خومسیان لە لیبیا جێهیشتووە، ئێمە زانیوومانە کە رووبەڕووی ناڕەحەتی بوونەتەوە و هەندێکیان لەلایەن ماسیگرەکان و دواتریش لەلایەن هێزەکانی دەریایی لیبیا رزگارکراون. ئەوان تونیوویانە 147 کەس رزگاربکەن کە ئێستا گەڕێندراونەتەوە لیبیا".

بەگوتەی کۆچبەرانی نێو بەلەمەکە، زۆربەی ئەوانەی خنکاون ئافرەت بوون، بۆ 7 کاژێر لەنێو ئاودا ماونەتەوە و کەس بە هانایانەوە نەچووە.

کۆچبەرێی دیکە گوتی "زۆربەیان ئافرەت بوون، زۆربەی ئەوانەی مردن ئافرەت بوون، تەنیا دوو کچ خۆیان رزگارکرد، کەس نەبوو هاوکارمان بێت، خۆمان خۆمانمان رزگارکرد، بۆ نزیکەی 7 کاژێر لە نێو ئاودابووین".

ئەوە گەورەترین رووداوی نقومبوونی بەلەمی کۆچبەرانە لە ساڵی 2019 لە دەریای ناوەڕاست، کە 150 کەس لە یەککاتدا گیانلەدەستبدەن.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لەم ساڵدا زیاتر لە 600 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە.