لووتکەی تورکیا، سوێد و فینلاند لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەوڵەکان بۆ رازیکردنی تورکیا بۆ ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، بەردەوامن. ئەمڕۆ بە بەشداریی یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییە بەرگرییەکە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، سەرۆکوەزیرانی سوێد و سەرۆکی فینلاند لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبنەوە. سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاندووە، وڵاتەکەی "بۆ تیرۆریستەکان پەناگەیەکی ئارام نییە و ناشبێت."
 
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ فراوانبوونی هاوپەیمانییەکە هەڵنەکردووە و "ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیە، بێگومان ئەوەیە کە بەرەوپێشچوون لە بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند دروست ببێت. من هیچ بەڵێنێک نادەم، بەڵام دەتوانم تەنیا دڵنیاتان بکەمەوە کە ئێمە چالاکانە کار دەکەین بۆئەوەی بەرەوپێشچوون مسۆگەر بکەین، چونکە داواکاریی بەئەندامبوونی فینلاند و سوێد لە ناتۆ، مێژووییە."
 
تورکیا دەڵێت سوێد و فینلاند پاڵپشتییان لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە کردووە و ئەندامەکانیانیان داڵدە داون، کە ئەنقەرە هەردووکیان بە "رێکخراوی تیرۆرستی" دادەنێت.
 
ئەنقەرە داوا لە ستۆکهۆڵم و هێلسینکی دەکات گەمارۆی چەکی لەسەر لاببەن، کە دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2019، خستیانە سەری. هەروەها داوایان لێدەکات دەکات زیاتر لە 30 کەسی رادەستبکەنەوە، کە بە گوتەی تورکیا ئەندامی پەکەکەن.
 
ماگدالینا ئەندرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رۆژی دووشەممە وەڵامی ئەو داواکارییەی تورکیای دایەوە و رایگەیاند، "سوێد بۆ تیرۆریستەکان پەناگەیەکی ئارام نییە و ناشبێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان بە چڕی کار دەکەن بۆئەوەی ئەو کەسانە دووربخەنەوە کە مەترسیی ئەمنی دروستدەکەن، ژمارەیەک کەیسی لەو شێوەیەش لەم کاتەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت."
 
تورکیا داوای لە سوێد و فینلاند کردبوو، پێش ئەم لووتکەیە داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن کە بە گوتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هێشتا جێبەجێیان نەکردوون.
 
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆش پێیوایە نیگەرانییەکانی تورکیا رەوان و پێویستە چارەسەربکرێن.