کۆچبەرێکی کورد لە سنووری لیتوانیا-پۆڵەندا: ئێمە لە زیندانین نەک کەمپ
رووداو-هەولێر
بەشێک لەو گەنجانەی کە لە کەمپەکانی سنووری لیتوانیا-پۆڵەندا دەمێننەوە بەهۆی خراپیی بارودۆخیان و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی مافی پەنابەری دەستیان بە مانگرتن کردووە، کوردێکی دانیشتووی یەکێک لەو کەمپانە دەڵێت، "ئەو کەمپانەی تێیدا دەمێنینەوە تەنیا ناوی کەمپە، ئەگەرنا وەک زیندانە."
ئەمڕۆ شەممە، 28-5-2022، ئاراس ئیسماعیل، کۆچبەری کورد لە کەمپێکی سنووری لیتوانیا-پۆڵەندا بە رووداوی گوت، "کەمپەکەی ئێمە 100 گەنجی تێدا دەمێنێتەوە، ماوەی سێ رۆژە شەش کەس مانمان لە خواردن گرتووە، کە هەر شەشمان هاونیشتمانیی باشووری کوردستانین، چونکە لە کەمپەکەمان هیچ خزمەتگوزارییەک نییە و مافی پەنابەرییان پێنەداوین و پێیان گوتووین دەبێت تاوەکو شەش مانگی دیکە چاوەڕوان بن".
بە گوتەی ئەو کۆچبەرە، ماوەی هەشت رۆژە داوا دەکەن بەڕێوەبەری کەمپەکە ببینین، "بەڵام پۆلیسی کەمپەکان رێگەمان پێنادەن". سەبارەت بە مانگرتنی گەنجان لە کەمپەکانی دیکەش گوتی، "تەنیا لە کەمپی ئێمە دەستنەکراوە بە مانگرتن لە کەمپەکانی دیکە، خەڵک هەیە 10 بۆ 14 رۆژە مانی لە خواردن گرتووە".
سەبارەت بەو وڵاتەی دەیانەوێ بۆی بچن، ئەو کۆچبەرە گوتی، "هیچ وڵاتێکمان دیارینەکردووە، تەنیا دەڵێین مافی پەنابەریمان پێبدەن یاخود ئازادمان بکەن، چۆن تاوەکو شەش مانگی دیکە ناتوانین لەم کەمپە بمێنینەوە کە تەنیا ناوی کەمپە ئەگەرنا وەک زیندان وایە."
لەبارەی بارودۆخی ئەو گەنجانەی کە مانیان لە خواردن گرتووە، ئاراس ئیسماعیل گوتی، "من بارودۆخم باشە، بەڵام هاوڕێم هەیە بارودۆخی زۆر خراپە و هیچ پزیشکێک نییە بیبینێت، تەنانەت رێگە بە هیچ رێکخراوێکی مافی مرۆڤ نادەن سەردانمان بکەن".
ئاراس ئیسماعیل کۆچبەر لە سنووری لیتوانیا-پۆڵەندا گوتی، "داوا دەکەین لە رێگەی رووداوەوە دەنگمان بە لایەنی پەیوەندیدار بگات و لەم زیندانە رزگارمان بکەن."
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، چەندجارێک هەوڵمانداوە کە ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنینەوە، بەڵام حکومەتی لیتوانیا ئامادەی هیچ هاوکارییەک نییە، بۆیە پێویستە عێراق لە ئاستی سێ سەرۆکایەتییەکە بێتە سەرهێڵ و بە فەرمی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی لیتوانیا بکات.
موسەننا ئەمین گوتیشی: دوای هەوڵێکی زۆر، بۆمان روونبووەتەوە، کە حکومەتی لیتوانیا بە مەبەست ئەو کۆچبەرانە دەهێڵێتەوە و دەیانخاتە ئەو دۆخە خراپەوە، بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵک هەوڵنەدەن خاکی وڵاتەکەیان بۆ کۆچکردن بەکاربێنن".