بایدن لەبارەی ترەمپ: رکابەرایەتیی کەسێکی شەش ساڵان دەکەم

رووداو دیجیتاڵ

وێڕای زیادبوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتی لە ئەمریکا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کۆشکی سپی ئێوارە خوانێکی بۆ پەیامنێران رێکخست، کە نەریتێکی ساڵانەیە و تێیدا بە گاڵتەوە باس لە کارەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت، سەرۆکیش گوتاری خەندەئامێز پێشكێش دەکات. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتارەکەی خۆی بۆ توانجگرتن لە دۆناڵد ترەمپی رکابەری، قۆستەوە. بایدن، ترەمپی بە منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان چوواند. 
 
هەروەها بە گاڵتەوە هۆشدارییەکانی دووبارەکردەوە لەوەی ئەگەر ترەمپ ببێتەوە سەرۆک، چی روودەدات. 
 
لە دەرەوەی شوێنی ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، ژمارەیەک خۆپێشاندەر گردبوونەوە بۆ ئەوەی سەرکۆنەی یارمەتییەکانی بایدن بۆ ئیسرائیل و شێوازی رووماڵی میدیاکانی رۆژئاوا بۆ جەنگی غەززە بکەن. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "هەڵبژاردنی 2024 لە ئانوساتدایە. راستە کە دەڵێن تەمەن کێشەیە. من پیاوێکی پێگەیشتووم و رکابەرایەتیی کەسێکی تەمەن شەش ساڵان دەکەم. هەست بە باشی دەکەم. لە سەرانسەری وڵات بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەم. پەنسلڤانیا، جۆرجیا، کارلۆلاینا."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بایدن دەڵێ "ترەمپ هێندە بێهوا بووە، دەستی بە خوێندنەوەی ئەو ئینجیلانە کرد کە دەیانفرۆشێت: بەڵام دواتر گەیشتە فەرمایشتی یەکەم: 'هیچ خوداوەندێکی دیکەتان جگە لە من نییە.' ئیدی لەوێ ئینجیلەکەی دانا و گوتی، ئەم کتێبە بۆ من نییە."