لێکۆڵینەوەیەک: ئەوانەی حەز بە دەنگی بەرزی ئۆتۆمبێل دەکەن کێشەی دەروونییان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
چەند جار بەسەرت هاتووە لە شوێنێک بە ئارامی بۆ خۆت دانیشتووی یان بە رێگەدا دەڕۆیت و لە پڕێکدا دەنگی بەرزی ئەگزۆزی دڕاوی ئۆتۆمبێلێک یان ماتۆرسکیلێک، راتدەچڵەکێنێت و ئارامییەکەت لێ تێکدەدات؟
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت، ئەوانەی حەز بەو دەنگەی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسیکل دەکەن، کێشەی دەروونییان هەیە و لەو جۆرانەن کە چێژ لە ئازاردانی کەسانی دیکە وەردەگرن.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن دەروونناس جولی ئەیتکن شێرمەر، مامۆستای زانکۆی وێسترن ئۆنتاریۆی کەنەدا کراوە و لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی Current Issues in Personality Psychology بڵاوکراوەتەوە.
دەروونناسەکە راپرسیێکی لەگەڵ 500 خوێندکاری زانکۆ کردووە بۆ ئەوەی بزانێت چۆن لە ئۆتۆمبێلە دەنگبەرزەکان دەڕوانن و کەسایەتییان چ رەنگدانەوەیەکی لەسەر دەنگی ئۆتۆمبێلەکانیان هەیە.
لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، ئەوانەی ساڵۆخەت (سیفەت)ـی سادیزمیان تێدایە، واتە ئەوانەی چێژ لە ئازاردان و سووکایەتیپێکردنی کەسانی دیکە وەردەگرن، بە تایبەتیش چێژی سێکسی، زیاتر حەز بە ئۆتۆمبێلی دەنگ بەرز دەکەن، بە هەمانشێوەی ئەوانەی دەروون پەشێو و دەروون ناڕێکن (ئەوانەی ناتوانن جڵەوی کاردانەوە و رەفتارەکانیان بکەن).
دەروونناسەکە وا لێکیدەداتەوە؛ ئەو کەسانەی بە ئەنقەست دەستکاری ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسیکلەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی ژاوەژاوی بەرز دەرکەن، چێژ لە ترساندنی خەڵک یان راکێشانی سەرنجیان دەبینن.
لێکۆڵینەوەکە هەروەها دەریخستووە کە گەنجەکان لە رەگەزی نێر زیاتر حەزیان بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەیە.