سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: سیاسەتی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لە ئێستاوە سەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، سیاسەتی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لە ئێستاوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەو پێیەی کۆچبەران دوای گەیشتنیان بە بەریتانیا، دەستیانکردووە بە رۆیشتن بۆ ئایرلاند.
سوناک ئەو قسانەی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانی کرد، دوای ئەوە رۆژی هەینی، مایكڵ مارتن، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئایرلاند گوتی، هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە بۆ رواندا وایکردووە کۆچبەران بە لێشاو لە ئایرلاندی باکوورەوە بچنە کۆماری ئایرلاند لە باشوور.
ئامانج لە پلانە مشتومڕهێنەکەی سووناک کە رۆژی سێشەممە لە پەرلەمانی بەریتانیا پەسندکرا ئەوەیە؛ کۆچبەران لە کۆچکردن بۆ بەریتانیا ساردببنەوە و رێگەی مەترسیداری دەریا کە ساڵانە سەدان کەس تێیدا دەخنکێن، نەگرنەبەر.
سووناک هیواخوازە ئەمە ببێتە رێگرێک بۆ ئەوەی کۆچبەران چیدیکە بە بەلەمی بچووکی نالەبار بە نۆکەندی ئینگلیزدا گەشت نەکەن.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت "رێگرییەکە هەر لە ئێستاوە کاریگەریی خۆی هەیە، چونکە خەڵک دوودڵن لەوەی بێنە ئێرە. ئەوەش رێک ئەوە دەردەخات کە من دەیڵێم. ئەگەر خەڵك بە نایاسایی بێنە وڵاتەکەمان، بەڵام بزانن، ناتوانن لێرە بمێننەوە، ئەگەری هاتنیان زۆر کەمتر دەبێت."
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی داکۆکی لە کۆچبەران دەکەن، بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە شەڕکردن دژی سیاسەتەکە، کە بە گوتەی خۆیان نامرۆڤانە و نادادپەروەرانەیە.
بەریتانیا لە نیسانی 2022 رێککەوتنێکی لەگەڵ رواندا واژۆکرد بۆ ئەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بنێرێتە ئەو وڵاتە ئەفریقییە، تاوەکو لەوێ، پێداچوونەوە بۆ داواکاریی مافی پەنابەریێتیاین بکرێت.